پێوەندیی تیشکی خۆر و ڤایرۆسی کۆرۆنا
کۆرۆنا وەک دێوەزمەیەک ئێخەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە و رۆژانە دەیان و سەدان کەس دەکاتە قوربانی، بەهۆی نەبوونی چارەسەری بنبڕ، مرۆڤ بەدوای هەر ئامرازێکەوە ویڵە کەببێتە هۆی لەناوچوون یان کەمبوونەوەی پەتاکە، ئینجا لەم پەیوەندییەش دا توێژینەوەیەک باسی کاریگەریی تیشکی خۆر بۆ سەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات.
وەک لە توێژینەوەکەدا ھاتووە، تیشکی خۆر لە هاوین و لەکاتی نیوەڕۆدا، دەکرێ کاریگەری و توانای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رێژەی 90% بوەستێنێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە پلەی گەرمییان بەرزە، ئەوەیش لە ماوەی 34 خولەکدا.
توێژینەوەکە کە ئەنجامەکانی لە گۆڤاری کیمیای رووناکی و بایۆلۆجی رووناکی بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە، تیشکی سەرووی وەنەوشەیی لە ناوەڕاستی رۆژدا، دەتوانێت 90%ی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا پەک بخات، بەڵام شارەزایان ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکەن کە ئەو کاریگەرییە کار ناکاتە سەر تێکڕای تووشبوون.
ئەو توێژینەوە نوێیە، یەکێکە لەو چەندان توێژینەوەیەی کە باسی ئەوە دەکەن ڤایرۆرسی کۆرۆنا زۆر لە تواناکانی لە پلەی بەرزی گەرمی و شێدا لەدەست دەدات، بەپێچەوانەی کەشی سارد، بەڵام رێکخراوی تەندروستی جیهانی تا ئێستەیش گومانی لە ئەنجامی ئەو توێژینەوانە هەیە.
بەشێک لە زانایان دووپاتی دەکەنەوە کە ئەو بڕەی تیشکی سەرووی وەنەوشەیی کە پێویستە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەکان، بۆ مرۆڤ سەلامەت نییە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کە هاوینێکی گەرم رەنگە بتوانێت پەتاکە سست بکاتەوە، بەڵام بەتەواوەتی نایوەستێنێت.