حەیرانبێژێکی دەڤەری موکریان لە چریکە کەوت
حەوتەی رابردوو ، حەیرانبێژێکی دیکەی مەڵبەندی موکریان ماڵاوایی لە ژیانکرد و ھەوارێکی دیکەی لاوک و حەیران چۆڵ بوو.
مەحەمەد ئەمین رەسوڵی (مینەی میرزا خدری ئاغەڵان) ناسراو بە "فەقێ مینەی نەڵاسێ" ەنگبێژ و حەیرانبێژ ، ساڵی 1343هەتاوی (1964) لە گوندی (ئاغەڵان ) ی ناوچەی سوێسنایەتی سەردەشت لە دایک بووە، هەر لە تەمەنی دە ساڵیەوە لە ڕێی برایەکی بە نێوی فەقێ حەسەن کە حەیرانزانێکی باش بووە فێری حەیران و گۆرانی دەبێت.
فەقێ حەسەن کاریگەری شێوە حەیرانی نەمر مەحموود گەناوی لەسەر بووە، هەر بۆیەش ئەو کاریگەرییە بۆ سەر حەیرانی فەقێ مینەش ڕەنگدانەوەی هەبووە.
فەقێ مینە نزیک بە 57حەیرانی جۆراوجۆری گووتوە کە زۆربەیان لە فەقێ حەسەنی برای فێر بووە.
بە داخەوە حەوتەی رابردوو رۆژی 2 ی پووشپەڕی 1399ی ھەتاوی لە تەمەنی 56 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد .
چەند نمونەیەک لە تێکستی حەیرانەکانی فەقێ مینەی نەڵاسێ:
+ ئەوجا دەڵێم: براینە! برادەرینە! دوبارە گەلاوێژ لە من ئەنگوتووە گەلاوێژ لەسۆزێ
ئەوڕۆ ئەوە تابوورێک و دوتابووری دە سوارانم لێ وەدەر دەکەوت
پێشیان ڕەنگاوە بە سوورە گوڵێ،
دواییان بەتۆزێ
ئەمما کیژ دەڵێ: مادام سواری منیان لە گەڵ نەبێ لە خۆم حەرام دەکەم خەنەی زولفان ,چێنی ئێواران ,لە گەڵ چاوڕشتنی مەگەر جێژناوچێزنی ئاااااااامـــــــان دەنەورۆزێ
*********************
+ حەیران کاکیلەینە!
ئەوە دوبارە ئەوە ڕۆژ دێتەدەرێ لەمن لە ماکێ
شۆق وشەبەقێ خۆی دەداوە لەوبەر ئەو بەرێ بەستۆرێ قەسرێ شەمامکێ
ئەرێ بەژنێ باریک پارەکەینە ئەوان دەمان بێچوە ساوا بوو لە دوای دایکێ
ئەمما ئەوساڵیش وەکی دەیبینن دۆست وبرادەر, ئەرێ هەموو ئێوارانم بە چاو دەنگاوت لە پێچی
دە گوڵەسووران، لە خڕێ سێوان ناوەڵڵا لە سەر دوو پلوسکۆڵەی دە لووساوکێ
*********************
+ ئەوجا حەیران! ئەوە ئەستێرێکم لێ هەڵدێ لە بانووی بانان لە بانوی سەربەنێ ,ئەمما پێروو هەڵدێ، تەرازوان نایگەنێ
ئەمن کەپرێکی درووست دەکەم بۆ حەیرانی خۆم
لە سوورە گوڵێ ,پەرژین لە ڕەشە ڕیحانی ,هەلامە لەگوڵی کاولە مەوتەنێ
ئەوساڵەکەینێ چوار ساڵە حەز لە بەژنێ باریک دەکەم
یار و یارکۆڵێ خۆمە چبکەم نامدەنێ
تێبینی : بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سوود لە ماڵپەڕی ھاژە وەرگیراوە