هەوڵی تۆمارکردنی تەموورەی داڵاهۆ لە سەر ئاستی جیهان دەدرێت
بەڕێوەبەری گشتی کەلەپوری فەرهەنگی، پیشەسازی دەستی و گەشتیاری پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە کە هەوڵ دەدرێت ئامێری مۆسیقای تەموورە وەک تایبەتمەندییەکی قەزای داڵاهۆ لەم پارێزگایە، لە سەر ئاستی جیهان تۆمار بکرێت.
ئومێد قادری وتی: قەزای داڵاهۆ وەک مەڵبەندی تەموورە لە سەر ئاستی ئێران بە فەرمی تۆمار کراوە و لە ئێستادا هەوڵی تۆمارکردنی لە سەر ئاستی جیهان دەدرێت.
ناوبراو وتی: چەندین ڕکابەرمان وەک تورکیا، عێراق و کۆماری ئازەربایجان هەیە و تەنانەت پێشنیاری تۆمارکردنی هاوبەش دراوە.
ئەم بەرپرسەی پارێزگای کرماشان وتی: ئەو پێشنیارەمان قبووڵ نەکردووە لە بەر ئەوەی کە ئامێری مۆسیقای تەموورە بە تەواوی موڵکی قەزای داڵاهۆیە لە ئێران.
قادری وتی: لە ئەگەری تۆمارکردنی لە سەر ئاستی جیهان، قەرزی بانکی گونجاو بە کارگە و هونەرمەندانی قەزای داڵاهۆ لە بواری تەموورەدا دەدرێت.