تشرینی یه‌که‌م 31, 2020 21:40 Asia/Tehran
  • جەلال مەلەکشا شاعیر و نوسەری گەورەی کورد ماڵاوایی لە ژیان کرد

مامۆستا جەلال مەلەکشا شاعیر و وەرگێڕی نوێخواز و بەنێوبانگی کورد ، دوانێوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ژیانئاوایی کرد .

بە پێی راپۆرتی کوردپرێس ، ئەندامانی بنەماڵەی ئەم شاعیرە گەورەیە ، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم ھەواڵە گوتیان  مامۆستا جەلال بە ھۆی نەخۆشیی درێژ خایەنی ھەناو کۆچی دوایی کردووە . 

جەلال مەلەکشا ساڵی 1951 لە گوندی مەلەکشای شاری سنە ھاتە سەر دونیا . تا دواناوەندیی لە شاری سنە خوێندی و لە ھەمان سەرەتای منداڵی و تازەلاویەوە دەستی دایە نوسینی ھۆنراوە و چیرۆک کە سەرەتا بەرھەمەکانی بە زمانی فارسی بوون . 

مەلەکشا شاعیر و نوسەرێکی چالاک و کارا بوو و شێعر و وتارەکانی کە باری رەخنەگرانەیان ھەبوو لە زۆرێک لە گۆڤارەکانی ئێران دا بڵاو دەبوونەوە . 

لە چلەکانی ھەتاوی دا بە ھۆی چالاکیی سیاسی لە دژی رژێمی شا، چەند ساڵ بەندکرا . جەلال ژیانێکی پڕ لە کوێرەوەریی ھەبوو سەرباری ئەوەی کە ھیچ بەرھەمێکی چاپکراوی نەبوو ، بوو بە ئەندامی یەکیەتی  نووسەرانی ئێران (کانون) . 

دوای دەرچوونی گوڤاری سروە لە ورمێ ، مامۆستا ھێمنی ناسی و نزیکەی 14 ساڵ لە گەڵ ئەم گۆڤارەدا کاری کرد . 

دوای ئەوە ماوەیەک سەرنووسەری گۆڤاری پڕشنگ لە شاری ھەولێر بوو کە 5 ژمارەی لێدەرچووە .  دواتریش لە ناوەندی رۆشنبیری ئەحمەدی خانی لە ورمێ خەریکی کار بوو . 

مامۆستا جەلال مەلەکشا بە ھەردوو زمانی کوردی و فارسی شێعری ھەیە و کۆی بەرھەمە شێعریەکانی لە کتێبێک دا بڵاوبووەوەتەوە . 

شێعری جەلال سادە و ساکار و تژی لە واتا و مانایە و ئازار و رەنجی ژیانی تێیدا پەنگی خواردووەتەوە . 

مامۆستا مەلەکشا لە گەڵ گەورە شاعیرانی وەک ئەحمەدی شاملوو ھاموشۆی ھەبوو و دەگێڕنەوە شاملوو لە بارەیەوە گوتوویەتی : ئەگەر کەسێک لە دواڕۆژدا لە شێعری فارسی دا قسەی بۆ گوتن ھەبێ ئەوە جەلال مەلەکشایە . 

زڕەی زنجیری وشە دیلەکان و کۆی بەرھەمە شێعریەکانی دوو بەرھەمی چاپکراون کە جیا لە دەیان وتار و چیرۆک و شێعر لە گۆڤارە فارسی و کوردیەکان ، لێ بەجێماون . 

بەشێک لەھۆنراوەکانی جەلال مەلەکشا بە زمانەکانی ئینگلیزی ، فەرەنسی ، روسی و عەرەبی وەرگێڕدراون . 

سەرپەیڤ