کتێبی حەمە ساڵح دیلان بڵاوکرایەوە
نوسەر و توێژەر ساکار عەبدوڵا کتێبێک لەبارەی شاعیر و بەهرەمەند "مامۆستا حەمەساڵح دیلان" بڵاودەکاتەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی میدای ئاژانشی هەواڵی کوردی ، کتێبەکە سەبارەت بە ژیانی هونەری حەمەساڵح دیلانە، تێیدا باس لە کارەکانی کراوە و شیکارکردن بۆ چەند بەرهەمێکی ئەو هونەرمەندە کراوە، لەگەڵ ئەمانەشدا تیشکخراوەتە سەر دەستپێکی گۆرانیوتن و شوێن و چۆنییەتی تۆمارکردنی بەرهەمەکانی و کاتی بڵاوبوونەوەیانەوە، بەگشتی ئەم کتێبە توێژینەوەیەکە لەبارەی ژیانی هونەری ئەو هونەرمەندە ناودار و بەهرەمەندەی کورد.
ساکار عەبدوڵا ساڵی ١٩٨٩ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانە، بەشی میوزیکی ئیتنۆمیوزیکۆلۆجی تەواوکردووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە لە چەند گروپێکی میوزیکی جیاوازدا وەک ژەنیاری ئامێری عود لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، دواتر بووە بە مامۆستای میوزیک کاری لەگەڵ رێکخراوی نێونەتەوەیی (unicef) کردووە، بە مەبەستی هاوکاریکردنی منداڵانی ئاوارە، لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە تاوەکو ئێستا وەک مامۆستا کاردەکات، پەرتوکی "حەمەساڵح دیلان (دەروازەیەک بۆ هونەری دەنگخۆشی)"یش یەکەم ئەزموونییەتی لەبواری نوسیندا.