تەشەنەی پێکدادانی نێوان کوردی سوریا و هێزەکانی جۆلانی
بەپێی ڕاپۆرتی ژێدەرە هەواڵییەکان، شەڕ و پێکدادان لە نێوان کوردەکانی سوریا و هێزەکانی حکومەتی کاتیی جۆلانی لە ناوچەکانی دەڤەری حەلەب پێی ناوەتە قۆناغێکی تازەوە.
ژێدەرە هەواڵییەکان ڕاپۆرتیان داوە کە چەکدارانی کوردی سوریا شەڕ و پێکدادانێکی قورسیان لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی کاتیی ئەم وڵاتە لە ناوچەکانی دەوروبەری حەلەب دەست پێکردووە. میدیاکانی سووریا ئەمڕۆ ڕایانگەیاند کە شەڕ و پێکدادانی نێوان کوردی سوریا و هێزەکانی حکوومەتی کاتیی جۆلانی لە میحوەری دێرحافر لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب چەند ڕۆژی لە سەر یەکە تووندتر و قورستر بووەتەوە و هەردوو لایەن بنکە و مەتەرێزەکانی یەکتر بە گوللە هاوەن و ڕاکەت دەپێکەن. چاودێری مافی مرۆڤی سوریا بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ڕێگای حەلەب بەرەو ڕەققە کە لە ناوچەی دێر حافرەوە تێدەپەڕێت، ٣ ڕۆژە لەسەر یەکە لەبەر قورستر بوونی ئەم شەڕ و پێکدادانانە داخراوە. ئەم ناوەندە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کاربەدەستانی دیمەشق داوایان لە گرووپەکانی هاوپەیمانی تورکیا کردووە ئامادەبن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژ بە کوردی سوریا لە ناوچەی دێرحافر و میحوەری بەنداوی تشرین بۆ پەلاماردانی بنکە و هێزەکانی کوردەکان.