ژاپۆن: تاسەمەندانە چاوەڕوانی پێشوازی کردن لە وەرزشوانانی ئێرانین
وەزیری وەرزشی ژاپۆن لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی واژۆکردنی تەبایی نامەی ھاوکاری لەگەڵ ھاوتا ئێرانییەکەی وتی: تاسەمەندانە چاوەڕوانی پێشوازی کردن لە وەرزشوانانی ئێرانین لە کێبەرکێکانی ئۆڵەمپیک و پارائۆلەمپیکی تۆکیۆدا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەم تەبایی نامەیە ڕۆژی سێ شەممە لە دانیشتنێکی ئۆنلاین و بە ئامادە بوونی «مەسعود سوڵتانی فەڕ» وەزیری وەرزش و لاوانی ئێران و «ھا گیودا»ی ھاوتا ژاپۆنییەکەی و بە مەبەستی گەشە پێدان و پتەوکردنەوەی دۆستایەتی و بەرزکردنەوەی ھەرچی زیاتری ئاستی ھاوکارییە وەرزشییەکانی نێوان دوو وڵات واژۆ کرا.
«ھاگیودا» بە دەربڕینی ئەمەی کە ئێران و ژاپۆن لە مێژە لە ڕێگای جاددەی ھەورێشمەوە پەیوەندییەکی قوڵی ڕۆشنبیری و کلتورییان پێکەوە ھەبووە، وتیشی: لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییە ھەڵس و کەوتی نێوان ئێران و ژاپۆن لە ئاستێکی باڵاداو بە شێوەی بەردەوام لە ئارادا بووە.
وەزیری وەرزشی ژاپۆن ھیواشی خواست کە واژۆ کرانی ئەم تەبایی نامەیە یارمەتیی ھەردووک وڵاتەکە بدات بۆ ھەڵگرتنی ھەنگاوی گەورەتر لە ئاراستەی پەرە پێ دانی پەیوەندی و گەشاندنەوەی ھاوکارییە دوو قۆڵییەکانیان لە بواری جۆربەجۆری وەرزشی دا.
کێبەرکێکانی ئۆلەمپیک و پارائۆلەمپیکی تۆکیۆ بڕیار وا بوو ھاوینی ساڵی ڕابردوو بەڕێوە بچێت، کەچی لەبەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا کەوتە ھاوینی ٢٠٢١ .