حوزه‌یران 17, 2022 11:16 Asia/Tehran
  • چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی «کەرکووک»

چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی "کەرکووک" بە نمایشی 15 بەرهەم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە شاری کەرکووک بەڕێوەچوو.

مەنسوور جیهانی ـ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی "کەرکووک" Kirkuk بە بەرپرسیاریی "سەردار زەنگەنە"، بە هەوڵی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەنیمەیشنی "کەرکووک" و هەروەها بە نمایشی 15 بەرهەم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لەوانە: دانیماڕک، میسر، ئەلجەزایر، ئێران، تورکیا، هەرێمی کوردستان و عێراق لە سینەما "مۆڵ تایم سەنتەر" لە شاری کەرکووک بەڕێوەچوو.  

ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی "کەرکووک" لە بانگێشتنەکەی دا ڕاگەیاندبوو کە ئەو بەرهەمانە دەتوانن لەم ڕووداوە سینەماییە بەشداریی بکەن کە لە ماوەی ساڵانی 2020، 2021 و 2022 بەرهەم هاتبێتن.

ئەم خولەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەنیمەیشنی "کەرکووک" بە شێوەی پێشبڕکێ بەڕێوەنەچوو، بەڵام بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە دەرهێنەرانی هەمووی فیلمە بەشداربووەکان کرد.

ناوی ئەو 15 بەرهەمەی کە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی "کەرکووک" لە سینەما "مۆڵ تایم سەنتەر"ی شاری کەرکووک پیشاندران بریتی بوون لە: کورتە فیلمی "دەستپێکی دووبارە" Starting Over لە دەرهێنانی "ئەڤین بەرازی" Evin Berazi لە وڵاتی دانیماڕک، کورتە فیلمی "باخی پاشا" King's Garden لە دەرهێنانی "ئیرەج محەمەدی ڕەزینی" لە کوردستانی ئێران، کورتە فیلمی "ئەو بەم شێوەیە گێڕایەوە" لە دەرهێنانی "مەڕوە عەبدوالنەعم" لە وڵاتی میسر، کورتە فیلمی "جودی مرادان" Cudi of the Wishes لە دەرهێنانی "سەمیعە ییلدیز" لە کوردستانی تورکیا، کورتە فیلمی "پرد" Bridge لە دەرهێنانی "بوکف محەمەد تاهیر چاوکی" لە وڵاتی ئەلجەزایر، کورتە فیلمی "سەمای بەفر" لە دەرهێنانی "پشتیوان عەبدوڵڵا" لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی "خەونەکان لە قووڵاییدا" لە دەرهێنانی "ڕەزا محەمەدی" لە شاری بانە، کورتە فیلمی "سووتانی 13.13" Ignition 13.13 لە دەرهێنانی "ئاندرۆ سوبحی شەفیق ئەمین" لە وڵاتی میسر، کورتە فیلمی "بەلاش" Free لە دەرهێنانی "سامی کاکە" لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی "خولانەوە" لە دەرهێنانی "هەژیر ئەسعەدی" لە کوردستانی ئێران، کورتە فیلمی "15 خولەک" 15 Minute لە دەرهێنانی "محەمەد سەلیم" لە وڵاتی عێراق، کورتە فیلمی "ئەنفالی دارستان" لە دەرهێنانی "محەمەد تۆفیق محەمەدی" لە شاری مەریوان، کورتە فیلمی "لاقی چەپ" (القدم الیسری) لە دەرهێنانی "فەلاح البغدادی" لە وڵاتی عێراق، کورتە فیلمی "دەرهێنەر" DIRECTOR لە دەرهێنانی هاوبەشی "ئازاد جەعفەرپوور" و "موردا حەق پەرەست" لە کوردستانی ئێران و کورتە فیلمی "تەقاندن" shoot لە دەرهێنانی "زید شکر" لە وڵاتی عێراق.

سەرپەیڤ