نیسان 12, 2023 14:33 Asia/Tehran
  • کولێرەی بیست و حەوتەم

واباوە ئافرەتانی ناوچەی سنە لە ٢٧ی ڕەمەزان دا کۆلیرە و بۆرساق دروست دەکەن و بەسەر دراوسێ و هەژاران و کەمدەرامەتەکاندا دابەشی دەکەن، ئەم داب و نەریتە بە کۆلیرەی بیست و حەوتەم ناسراوە.

بەپێی ئەو بیروباوەڕەی کە لە نێو موسڵمانانی سوننەدا ھەیە، «لەیلەتولقەدر» لە ڕۆژانی تاکی دەیەی کۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدایە، ئەمە جیا لەوەی کە ئەم باوەڕەش کە شەوی بیست و حەوتەمی ڕەمەزان شەوی قەدرە زیاتر لە نێو خەڵک و پیاوانی ئایینیی ناوچە سوننەنشینەکان بە کوردەواریشەوە بەھێزەو بەپێی بیروباوەڕی باوی زانایانی سوننە، بەپێی گێڕانەوەی جۆربەجۆر شەوی ٢٧ی ڕەمەزان هەر ئەو شەوەیە کە قورئانی پیرۆز بە تەواوی بۆ پێغەمبەری سەردار (ص) دابەزی.

بەم وەسفە سوننەکان ڕێزێکی تایبەتیان بۆ ئەم شەوە هەیە و بە جیاوازی دەزانن لە شەوانی تری ڕەمەزان، بەو پێیە ڕۆژووگران و تەنانەت ئەوانەش کە بە ھەر ھۆیەک بەڕۆژوو نابن لەم شەوەدا دەچنە مزگەوتەکان و ھەتا پارشێوان و جاری واشە ھەتا بانگی بەیانی خەریکی دۆعاو ڕازونیاز دەبن لەگەڵ پەروەردگاری تاقانەدا.

واباوە ئافرەتانی ناوچەی سنە لە ٢٧ی ڕەمەزان دا کۆلیرە و بۆرساق دروست دەکەن و بەسەر دراوسێ و هەژاران و کەمدەرامەتەکاندا دابەشی دەکەن، ئەم داب و نەریتە بە کۆلیرەی بیست و حەوتەم ناسراوە کە ھەڵبەت بە داخەوە لە سەردەمی ئێستادا ئەم نەریتە جوانە ھەتا ڕادەیەک کاڵ بووەتەوە.

مانگی ڕەمەزان بە هەموو بەرەکەت و جوانییەکانیەوە، ئێستاکە گەیشتووەتە دوا ڕۆژەکانی، ڕۆژوووگرەکان دەبێت بە باشترین شێوە سوود لەو ڕۆژانەی کە ماونەتەوە، بەتایبەت شەوانی قەدر وەربگرن و بەھرەی پێویستی لێ ببەن.

سەرپەیڤ