ئادار 04, 2025 14:45 Asia/Tehran
  • ناهید ڕاهدار میدیاکاری جارانی ڕادیۆ کوردی تاران کۆچی دوایی کرد

خاتوونی هونەرمەند و بێژەری کورد «ناهید ڕاهدار» درەنگانی شەوی 2ی ڕەشەممەی 2724 (٢٠ی فێبریوەریی 2025) لە تەمەنی 75 ساڵیدا لە شاری پاوە کۆچی دواییی کرد.

خوالێخۆشبوو خاتوون ناهید (نەهیە) ڕاهدار سەرەتا لە ڕادیۆ کرماشان و لە بەشی ئەرشیڤ دا وەرگیراوە. دەنگە نەرم و نیانەکەی ئەم خانمە هەورامانییە زۆر زوو سەرنجی بەڕێوەبەرانی ڕادیۆ بەرەو لای خۆ ڕادەکێشێت و وەک بێژەر مژولی کاری میدیایی دەبێت. لە نێوان ساڵانی 1359-1350ی هەتاوی (1980-1971) لە ڕێی ڕادیۆ کرماشانەوە دەنگی بۆ بەردەنگ و بیسەری کورد دەگوێزرێتەوە و بۆ نزیکەی 9 ساڵ لەو سەنگەرەوە خزمەتی بواری چاند و ئەدەبی کوردی دەکات. دواتر بارگەی بۆ گەورەشاری تاران دەپێچێتەوە و ئەمجارە لە ڕادیۆ کوردیی تارانەوە درێژە بە خەباتە میدیاییەکەی دەدات.  

ناهید ڕاهدار، بە یەکێک لە دەنگە نازەنینەکانی نێو ڕادیۆ کوردیی تاران دادەنرێت .ناهید ڕاهدار لە سەردەمێکدا ڕێی دەکەوێتە ڕادیۆ و خەباتی میدیایی دەست پێ دەکات کە ئافرەت لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا ئەوەندە دەرفەتی خۆدەرخستنی پێ نەدەدرا.

گەر خوێندنەوەیەکی دروست بۆ ئەم پرسە بکەین و لە ورەبەرزیی ئەم خانمە بوێرە تێبگەین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە. هەر لێرەوە لە لایەکەوە، ڕۆڵ و دەوری بنەماڵە زەق دەبێتەوە کە چەندە بە دیدێکی ڕوون و پێشڕەوانەوە سەیری توانای ئافرەتی کردووە و لە ئالییەکی دیکەیشەوە، خودی خواست و ویستی بڵندی ئەم خانمە خەباتکارە تێیدا بەرجەستە دەبێتەوە کە سڵ لە مەترسیی و کەند و لەندەکانی بەردەم ناکاتەوە و بۆ نەخشاندنی داهاتوویەکی ڕەنگاڵەیی بۆ خۆ تێدەکۆشێت.

جێی ئاماژەپێدانە، «ناهید ڕاهدار» ڕۆژی 1ی پووشپەڕی 1328ی هەتاوی (1949) لە گوندی"دشە"ی سەر بە شاری پاوە (پارێزگای کرماشان) لە دایک بووە و بەداخەوە درەنگانی شەوی 2ی ڕەشەممەی 2724 (20ی فێبریوەریی 2025) و لە تەمەنی 75 ساڵیدا هەر لە شاری پاوە کۆچی دواییی کرد و ڕۆژی هەینی،3ی ڕەشەممەیش تەرمەکەی بۆ هەمیشە لە گۆڕستانی شارەدێی "دشە"دا ئارامی گرت و بە خاکی نیشتمان سپێردرا.

  

 

  

 

سەرپەیڤ