پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لەمەڕ دۆخی خەڵکی غەززەو کەناری رۆژاوا
https://kurdish.sahartv.ir/news/فەلەستین-i446408-پەرەسەندنی_نیگەرانییەکان_لەمەڕ_دۆخی_خەڵکی_غەززەو_کەناری_رۆژاوا
"عەلا سکافی" بەڕێوەبەری دامەزراوەی مافی مرۆڤی "زەمیر" وتی: ئەو دامەزراوە لەماوەی شەڕدا، ٥١٤ حاڵەتی وون و بێ سەروشوێن کردنی زۆرەملێی بەفەرمیی بەڵگەمەند و دیکۆمێنتاریی کردووە. بەپێی دەیتاکانی ئەو دامەزراوە، لە دەسپێکی دەسدرێژییەکانەوە تاکوو ئێستا نزیک بە ٩٥٠٠ کەس لەلیستی کەسانی بێ سەروشوێنبوو و هەروەها کەسانی ونبوو دان.
(last modified 2026-08-31T14:40:10+00:00 )
ئاب 31, 2026 14:51 Asia/Tehran
  • پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لەمەڕ دۆخی خەڵکی غەززەو کەناری رۆژاوا

"عەلا سکافی" بەڕێوەبەری دامەزراوەی مافی مرۆڤی "زەمیر" وتی: ئەو دامەزراوە لەماوەی شەڕدا، ٥١٤ حاڵەتی وون و بێ سەروشوێن کردنی زۆرەملێی بەفەرمیی بەڵگەمەند و دیکۆمێنتاریی کردووە. بەپێی دەیتاکانی ئەو دامەزراوە، لە دەسپێکی دەسدرێژییەکانەوە تاکوو ئێستا نزیک بە ٩٥٠٠ کەس لەلیستی کەسانی بێ سەروشوێنبوو و هەروەها کەسانی ونبوو دان.

وتیشی: خێزانی کەسانی ونبووی زۆرەملێ، بەردەوام لە نیگەرانی دان و لە کەمترین مافیان، واتە ئاگادربوون لە چارەنووسی منداڵەکانیان، بێ بەشن. سکافی وتیشی: وێنەو گرتەی درزپێکراو لەو گیراوانەی دەست و پێی و چاویان بەستراوە، نیشانەگەلێکن کە پێویستە لەئاستی جیهانیدا پێداچوونەوەو لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ. ناوبراو خوازیاری ڕوونبوونەوەی چارەنووسی کەسانی بێ سەروشوێنبوو و مۆڵەتی دەسڕاگەیشتنی خاچی سوور و دەزگەکانی مافی مرۆڤ بە گرتووخانەکان و بەندیخانەکانی رژیمی زایۆنیستی بوو.

ڕاپۆری نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بارودۆخی غەززە، باس لە وێرانکاریی بەرفراوانی ماڵ و ژێرخانەکانی ئەو ناوچەو درێژەی ڕێگریی رژیمی زایۆنییە لە هاتنی یارمەتییە مرۆییەکان. لەو راپۆرەدا لەحاند وێرانکرانی نزیک بە سەتی ٩٠ی خانووبەرەو ژێرخانەکانی کەرتی غەززە هۆشداری دراوەو جەختکراوە کە بەرتەسکی و بەربەست دانانی رژیمی زایۆنیستی لەبەردەم هاتنی یارمەتییە مرۆییەکان هەروا بەردەوامە.

"تیسیر موحیسن" راوێژکاری نووسینگەی راگەیاندنی حکوومیی غەززەش بە شیکردنەوەی رەهەندەکانی کارەساتی مرۆیی لەو ناوچەیە، وتی: سوپای رژیمی زایۆنیستی ئێستا کۆنترۆڵی سەتی٦٥ی ڕووبەری کەرتی غەززەی لەکۆنترۆڵ دایە. ناوبراو هەروەها بەئاماژە بە کێشەی جیددیی بەردەم راژەکاریی بنەڕەتییەکان لەوان دابینکرانی ئاو و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، لەبارەی شوێنهاتەکانی درێژەی ئەو دۆخە وشداریی دا. موحیسن بەئاماژە بەژوماری باڵای ئەو قوربانیانەی لەژێر دارووپەردووی بیناکاندا ماونەوە، جەختی کرد لەسەر پێویستیی کرانەوەی خێرای تێپەڕگەکان و هاتنی کەرەستەو ئامێری قورس بۆ غەززە. بەقسەی ناوبراو، زیاتر لە ٧ هەزار کەس هەروا لەژێر دارووپەردوودا بێ سەروشوێنن و بۆ هێنانەدەری تەرمەکان و دۆزینەوەی کەسانی شیمانەیی زیندوو، هاتنی کەرەستەو مەکینەو ئامێری قورس بۆ ئەو ناوچەیە پێویستە. جەختیشی کرد، بێ کرانەوەی تێپەڕگەکان و مۆڵەتی هاتنی کەرەستەی پێویست، هەڵمەتی لادانی دارووپەردوو و فریاگوزاری لە غەززە، بەرەوڕووی کێشەی جیددیی دەبێ.

سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاشتی غەززەش وێڕای هۆشدارییدان لەبارەی ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئاگربەس لە کەرتی غەززە، جەختی کرد لەسەر پێویستیی پێبەندبوونی رژیمی زایۆنیستی بە ئاگربەس.

نیکۆلای مێلادینۆف-ی نوێنەری باڵای ئەنجوومەنی ئاشتیی غەززە، بە ئاماژە بە دۆخی قەیرانیی دوو ملیۆن فەلەستینی لە کەرتی غەززە کە لەگەڵ شەڕ، برسێتی و بەرتەسکی و بەربەستی قورسدا دەست و یەخەن، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە مرۆییە، هەنگاوی سەرەکیی هەڵگرێ. ملادینۆف هۆشداریی دا، پێبەند نەبوون بە نەخشەڕێگای هەنووکە، هەڕەشەی جیددیی بۆسەر جێگیر و بەردەوامبوونی ئاگربەس بەئەژمار دێ و مەترسیی هەڵوەشانی لەسەرە. دوکتور مونیر بورش بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی غەززەش ئەمڕۆ لەحاند قەیرانی نەخۆشانی تووشبوو بە نەخۆشیی گورچیلە لەو کەرتە هۆشداریی داو رایگەیاند کە زیاتر لە نیوەی نەخۆشانی گورچیلە کە بەرلەشەڕ لەژێرچاودێرییدا وبون، گیانیان لەدەست داوەو ئیستا نزیک بە ٧٠٠نەخۆس پێویستیان بە شۆردنی ڕێک و پێکی گورچیلە هەیە. دوکتور بورش بەئاماژە بە کەمیی بەرچاوی نۆرەی شۆردنی گورچیلە لەبەر کەمبوونی لەڕادەبەدەری کەرەستەو ماددەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە، جەختی کرد کە ئەو دۆخە دەبێتەهۆی کۆبوونەوەی شلەمەنییەکان و ژەهرەکان لە جەستەی نەخۆشانداو ئەوەش مەترسیی سەرهەڵدانی نەخۆشیی دڵ و دەمار، هەناسەو مردن بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکا. ناوبراو هەروەها باسی کەمیی "بیکەربوناتی سودیۆم" کە ماددەییەکی زەروورە بۆ پرۆسەی شۆردنەوەی خوێن و کەمیی دەواو دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی پزیشکیی نەخۆشانی گورچیلەی کرد. بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی غەززە لەکۆتاییدا وێڕای هۆشدارییدان لەبارەی شوێنهاتی قەرەبوونەکراوەی درێژەی ئەو دیاردەیە، وتی: شۆردنەوەی گورچیلە بابەتێک نییە کە بکرێ دوای بخەی. هەرچەشنە کەمیی ماددەی بەکارهاتوو یان لەکارکەوتنی ئامێرەکان، لەوانەیە گیان لەدەستدانی ژومارێکی زۆرتر لە نەخۆشانی لێ بکەوێتەوە.