مەولەوی خەیرۆڵڵا خەیرخواە: قەت لەگەڵ داعش دا ھاوبیروڕا نەبووینەو گیان و ماڵی موسڵمانان لەوانە شێعەکان بۆ تالیبان جێگای ڕێزە
مەولەوی «خەیرۆڵڵا خەیرخواە» ئەندامی باڵای دانوستانکاری تالیبان لە دانوستانەکانی نێوماڵی ئەفغانییەکان لە تاران دا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی «پرێس تی ڤی» ڕایگەیاند: قەت لەگەڵ داعش دا ھاوبیروڕا نەبووینەو گیان و ماڵی موسڵمانان لەوانە شێعەکان بۆ تالیبان جێگای ڕێزە.
مەولەوی خەیرۆڵڵا خەیرخواە ئەندامی باڵای دانوستانکاری تالیبان لە دانوستانەکانی نێوماڵی ئەفغانییەکان لە تاران دا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی «پرێس تی ڤی» لە بارەی ھەوڵوێستەکانی تالیبان لەمەڕ بابەتگەلێکی گرینگی وەک داعش، مافی ئافرەتان، مافی شێعەکانی ئەفغانستان، پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان و سیاسەتەکانی حوکمڕانیی ئەم تاقمە لە کاتێکدا کە دەست بگرن بە سەر تەواوی ئەفغانستان و پێکھێنانی حکومەتی گشت داگر وەڵامی دایەوە.
ناوبراو لە بارەی بۆچوونی تالیبان لە بارەی داعشەوە وتی: تالیبان لەوەتەی بەرەوڕووی داعش بووەتەوە ھەتا ئێستا شەھیدی زۆری داوە. لەنێوان داعش و ئیماراتی ئیسلامی «حکومەتی تالیبان» جیاوازی زۆرە. ھیچ تاقمێکی ئەفغانی نییە کە وەک داعش گیان و ماڵی موسڵمانانی بۆ خۆی حەڵاڵ کردبێت. بیروباوەڕی ئێمە بۆ ھەمووان ڕوونە و بە درێژایی بیست ساڵ جیھاد لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەفغانستان خەڵک بە ئاشکرا ئاگایان لە ھەڵس و کەوت ، بیروداو ھەڵوێستی ئیماراتی ئیسلامی بووەو ڕەفتاری وەک چەکدارانی داعشمان لێ نەبیندراوە. داعش بیروڕایەکی لادەرانەی ھەیە و دیارە شەریعەتی ئیسلامیش ڕێگا بە ئێمە نادات ھەتا وەھا بڕوامان بەوەھا ھەڵوێست و ھەڵس و کەوتێک ھەبێت.
ئەم کاربەدەستە باڵایەی تالیبان لە بارەی پەیوەندیی تالیبان لەگەڵ عەرەبستانیش دا وتی: من پێ بزانم لەوەتەی ئیماراتەکەمان ڕوخاوەو ئەمریکا ھێرشی کردە سەر ئەفغانستان و داگیری کرد، ئەوسا پەیوەندیمان لەگەڵ عەرەبستان دامەزرا، بەڵام لە ئێستادا وەک جاران پەیوەندیمان نەماوەو بۆخۆتان لە ژمارەی گەشتەکانمان بۆ ئەو وڵاتە تێ دەگەن ئاستی پەیوەندییەکانمان دابەزیوەو سەردانی ئاشکراو ئەوتۆمان بۆ عەرەبستان نەبووە.
ناو.براو لە بارەی ڕەوانەکرانی دووھەزار چەکداری نەیاری سووریش لە لایەن دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەفغانستانیش وتی: ئێمە تورکیا بە وڵاتێکی ئیسلامی دەزانین، بەڵام بوونیان لە وڵاتەکەماندا بە داگیرکاری لێک دەدەینەوە. ئێمە چ ئەمریکی و چ ھێزێکی دیکەی سەربەناتۆ کە یارمەتیی دەوڵەتی ئەفغانستان بدات بە داگیرکەر دەزانین. ئەمەمان ڕاشکاونە ڕاگەیاندووە کە ھەرکەس بەوجۆرە ڕوو لە ئەفغانستان بکات گەلی ئەفغانستان وەک داگیرکەر چاوی لێ دەکەن وھەربەوجۆرە لەگەڵیاندا دەجوڵێتەوە کە لەگەڵ داگیرکەرانی ئەمریکی و ناتۆ دەجوڵێتەوە.
وتیشی: ھەڵبەت دیارە ئێمە نامانەوێ لەگەڵ ھیچ لایەک دا پەیوەندیمان نەبێت، دەمانەوێ بە پێی بنەماکانی خۆمان لەگەڵ ھەموواندا لە پەیوەندی دا بین. حەز دەکەین پەیوەندیمان لەگەڵ ھەموواندا باش بێت. بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و موسڵمتن. ئەمەش ئاساییە چونکو چ بمانەوێ و چ نەمانەوێ پەیوەندیمان لەگەڵیاندا جۆرێکە لە پێویستی. ھەم بۆ ئێمە پێویستەو ھەم بۆ ئەوان. بۆ وێنە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەفغانستان ھەردوکیان لەلایەن ھێزی بیانییەوە زبریان وێکەوتووە دەی دیارە وا ھەڵدەگرێ بۆ چارەسەریی گرفتەکانی ڕۆژانەیان پێکەوە ھاوکارییان ھەبێت و گەلانی خۆیان بەرەو تەناھی و پێشکەوتن پاڵ پێوە بنێن و ئەم ئامانجەش زۆر بە ئاسانی مسۆگەر دەبێت.
ناوبراو لە بارەی ڕۆڵی ئافرەتانیش لە حکومەتی تالیباندا وتی: ئێمە پابەندین بە تەواوی ئەو یاساو ڕێساو مافانەی کە شەریعەتی ئیسلام بۆ ئافرەتانی داناوە. بۆ وێنە لە فڕگەکاندا بۆ پشکنینی ئافرەتان و لە نەخۆشخانەکاندا وەکو پزیشکی ئافرەتان پێویستمان بە بوونی ئافرەتانە و دیارە بەڕێوەبردنی وڵات تەنیا بە ھۆی پیاوانەوە مسۆگەر نابێت. ھەڵبەت خەڵک نەیاری کلتووری ڕۆژئاواو ڕوانگەیان بەرامبەر بە ئافرەتانن و ئەوانەی وا حەز بە چالاکی نواندنی ئافرەتان بە فۆرم و شێوازی ڕۆژئاواییەکان دەکەن زۆر ژمارەیان کەمەو دەبێ بڵێین ئەوە کەسانێکن کە توشی دافەتاویی ڕۆژئاوا ھاتوون.
«خێرخواە» لە بارەی تەنگ ھەڵچنین بە پیاوانیش لە بابەتگەلێکی وەک ئەندازەو کورتی و دێژیی ڕیش و ھتد...ییش وتی: بە ڕای من تەواوی گرفتەکانی خەڵک لە بەر چاو دەگیردرێت و ئەوەی پێویستە دەکرێتە کاری لەپێشینە. ئینشائەڵڵا خەڵک بەرەوڕووی گرفت و رەحمەت نابنەوە.
ئەم بەرپرسەی تالیبان وێڕای بەڕەت کراوە زانینی ڕوانگەی ھەڵاوێرانە بەرامبەر بە نەتەوەکانی ئەفغانستان ، پەشتون و فارسیی دەریی بە دوو زمانی فەرمیی ئەفغانستان زانی لە ڕوانگەی تالیبانەوەو ڕاشکاوانە وتی: ئێمە باوەڕمان بە ناکۆکیی ئایینزایی و زمانی نین.
«خەیرخواە» لە وەڵامی ئەم پرسیارەش کە«ئایا بانگی شێعەکان لە منارەی مزگەوتەکانەوە بڵاو دەبێتەوە ؟ وتیشی: بەر لە ئیماراتیش«حکومەتی تالیبان» ئێمە سەردانی مزگەوتی شێعەکانمان دەکرد و قسەمان بۆ دەکردن و پەیوەندییەکی دۆستنانەو ئیسلامیمان پێکەوە ھەبوو. دوژمنانی ئێمە پرسی شێعەو سوننەیان قۆستووەتەوە، کەچی ھیچ گرفتێک لەم بوارەدا نییە. ئەوانیش ھەر بەشێکن لە ئەفغانستان و من لێبڕاوە ڕایدەگەیەنم کە پرسی ناوچەگەری، ئایینزایی و ئەتنیکی و زمانی بۆ ئێمە گرینگ نییە.
ناوبراو لە بارەی ئەمەش کە تالیبان لە سەداسەدا نەیاری ھەڵبژاردنە چونکو بە سەرمەشقێکی ڕۆژئاوای دەرانێ، وتیشی: ھەر بە ڕاستی ئەم میکانیزمە ڕۆژئاواییە بەکار نایەت. ئێوە دیوتانە کە لە ڕۆژێکدا دوو سەرۆک کۆمار لە وڵاتێ کدا بەرنامەی سوێندخواردن بەڕێوە دەبەن. ئێمە نەیاری وەھا ھەڵبژاردنێکین. گوایە ئەمە پێی دەڵێن دیموکراسی بەڵام با پێتان بڵێم ئەم چەشنە دیموکراسییە بەکاری ئەفغانستان نایەت. لای ئێمە لە سەر چی ڕێککەوتن بکرێت ھەمانیش دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە. گومان لەوەدا نییە کە دەبێ پەرلەمانمان ھەبێت و لەو کەخسانەی کە لە وڵات و لەنێو ھۆزەکانماندا ھەمانە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و حکومەت کەڵک وەردەگرین. ھەڵبژاردن ئەگەر ئاواو بە گوێرەی شەریعەتی ئیسلام بێت ھیچ گرفتێکمان لەگەڵی دانییە. ئەوانەی کە مەرجی پێویستیان ھەبێت ھیچ لارییەکمان لەگەڵیاندا نییەو ئەم بابەتانە ڕێگاچارەیان ھەیە ئینشائەڵڵا.
پێشکەشکارەکەی کەناڵی «پرێس تی ڤی» پرسیاری ئەوەشی کرد کە لە ھێندێک گرتەی ڤیدیۆیی دا ئەو لەشکریانەی کە خۆیانیان ڕادەستی تالیبان کردووە گوللـە باران دەکرێن و ھاواری «اللەاکبر»یش دەبیسترێت و لە سیمایاندا دیارە چەکداری تالیبانن، ئەی بۆ ئەمە قسەت چییە؟ بەرپرسە باڵاکەی تالیبان لە وەڵامی ئەم پرسیارەش دا وتی: کێ سەلماندوویەتی کە چەکداری تالیبانن؟ خۆ تالیبان جل و بەرگێکی لەشکری و تایبەتیی نییە. ڕەنگە کەسانی تر بن کە بەناوی تالیبانەوە توشی ئەو تاوانە ھاتوون و بۆ ناوزڕاندنی تالیبان ئەو کارەیان کردووە. ئێمە قەت ماوەی ئەوە بە خۆمان نادەین کە کەسانێک وا ڕستەی «لا الەالااللە» دەڵێن و نوێژ دەکەن بە کافریان بزانین و ھەر لە بەر ئەمەش بەگژ داعش دا چووینەوە، چونکو داعش ھەموو کەسێکی بە کافر دادەناو کوشتنی بە ڕەواو حەڵاڵ دەزانین.
لە دوابەشی وتووێژەکەدا «خەیرخواە» بۆچوونی تالیبان لە بارەی ھونەرو سینەماو ھۆنراوەی گەڕاندەوە بۆ پاش پەسەندکرانی یاسای بنەڕەتیی تازە لە حکومەتی تالیباندا و وتی: یاسای بنەڕەتیی ئێستا بە زۆرەملیی ڕۆژئاوا پەسەند کراوەو ئێمە دەمانەوێ لە داڕشتنی یاسای بنەڕەتیی دا تەواوی ئەفغانییەکان بەشدار بن و بۆخۆیان یاسای بنەڕەتیی وڵاتەکەیان دابڕێژن. چونکو حکومەتیش ھەر بە پێی ئەم یاسای بنەڕەتییە پێک دێت. ھەر بۆیە ئەوانەی کە دەبێ یاسای بنەڕەتی ئامادە بکەن، پێویستە ھەم زانا بن و ھەم پسپۆڕوشارەزا و ھەم سیاسی و تێگەییشتوو. ئا بەمجۆرە لێژنەیەک لە کەسانی زانا و پسپۆڕو سیاسی کۆ دەبنەوەو یاسای بنەڕەتیی داھاتووی ئەفغانستان دیاری دەکەن.