ناتانیاهۆ بە یارمەتیی پۆلیس خۆی لە چنگی خۆپیشاندەرانی لەندەن ڕاپسکاند
سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی کە بەنیازی گەڕانەوە لە ئینگلتەرا بوو، لە لەندەن ڕووبەڕووی خۆپیشاندانی ناڕازییان دژی خۆی و ڕژێمەکەی بووەوە.
«بنیامین ناتانیاهۆ» کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گەشتێکی بۆ ئینگلتەرا کردبوو، بەبێ پێشوازییەکی ئەوتۆو بەڕێکرانێکی ڕێزمەندانە لەم وڵاتە ھەڵات.
«ناتانیاهۆ» کاتێک بە سەرشۆڕی لەندەنی بەجێهێشت، ڕووبەڕووی خۆپیشاندانێکی دژی خۆی بووەوە، بەجۆرێک کە ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پۆلیس لەبەردەم خۆپیشاندەران دەرکەوتن و هەوڵیان دا ناتانیاهۆ لەدەستیان ڕزگار بکەن و بیبەنە فڕۆکەخانەی لەندەن.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ناتانیاهۆ لە کاتێکدا گەییشتە لەندەن و لەگەڵ «ڕیشی سۆناک» سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە، سەدان خۆپیشاندەر بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک لە نزیک حەسانگەکەی ناتانیاهۆ دژی سیاسەتەکانی کابینەکەی ناڕەزایەتییان دەربڕی.
هەروەھا شەوانی ڕابردووش به هەزاران زایۆنی له تەلەبیب له دژی چاکسازییه دادوەرییەکانی پێشنیار کراوی کابینەی ڕادیکاڵ و ڕاستڕەوانی ناتانیاھۆ خۆپیشاندانیان کرد و ئەمەش خۆی لە خۆی دا زیللەیەک بوو کە لە بنگوێی ناتانیاھۆ سرەوێندرا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی ناڕەزایەتییەکان دژ بە سیاسەتەکانی «بنیامین ناتانیاهۆ» بەرەو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانیش تەشەنەی سەندووەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر دەبێت و تا ئێستا بە سەدان ئەفسەر و فڕۆکەوان و سەرباز لە هێزە یەدەگەکانی ڕژێمی زایۆنی لە کەرتە جۆربەجۆرەکانی وشکانی و دەریایی و ئاسمانی ڕایانگەیاندووە کە چیتر ئامادە نین لە بواری سەربازیدا خزمەت بکەن.
ئەم ناڕەزایەتیانە دوای ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە ناتانیاهۆ سەرەڕای دژایەتی و هۆشداریی زۆر پێداگرە لەسەر ئەنجامدانی چاکسازییە دڵخوازەکانی لە سیستەمی دادوەریی ڕژێمی زایۆنی دا.
میدیا عیبری زمانەکان لە تەلەبیب باسی پێکدادانی پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەرانیان کردووە و وایان بڵاو کردووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان بە زۆر خۆپیشاندەرانیان لە تەلەبیب بڵاوەپێکردووە و لە هەمان کاتدا ژمارەیەک خۆپیشاندەر ئەو ڕێگایانەیان داخستووە کە دەچێتەوە سەر ئەو شارە.