درێژەی یارمەتیی سەربازیی ئەمریکا بۆ عەرەبستان
وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا باسی ڕەزامەندیی ئاژانسی ھاوکاریی ئاسایشتیی ئەم وڵاتەی کرد لەمەڕ فرۆشتنی چەکەمەنی و ڕاژەکاریی سەربازیی موشەکییانە بە عەرەبستان.
بە پێی ڕاپۆرتی شین ھۆوا ئاژانسی ھاوکاریی ئاسایشت و بەرەڤانیی ئەمریکا ڕۆژی چوار شەممە ڕەزامەند بوو بەوەی کە لە درێژەی پاڵپشتییەکانی لە عەرەبستانی سەعودی، ڕاژەکاریی دوای فرۆش و پارچەکانی سیستێمی موشەکی بە بایی ٥٠٠ ملوێن دۆلار بدات بەو وڵاتە.
ڕەزامەندیی ئاژانسی ھاوکاریی ئاسایشت و بەرەڤانیی ئەمریکا ڕۆژی چوار شەممە بە کۆنگرێسی ئەو وڵاتەش ڕاگەیەندرا.
ئەمریکا ماوەیەک لەمەوپێش لە سەردانێکی دۆناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری بۆ عەرەبستان پەیمانێکی چەکەمەنیانەی ١١٠ ملیارد دۆلاریی واژۆ کرد کە ئەو پەیمانە ڕەچەی پەیمانەکانی چەکەمەنیی جیھانی شکاند.
ئەمەش لە حاڵێکدایە کە عەرەبستان لە بەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە یەمەن و بارەبووی دراڤی و سەربازییانەی بۆ تیرۆریستان لە سووریاو عێراق لە لایەن دامەزراوە نێونەتەوەییەکانەوە ئیدانە کراوە.
جێگای وەبیر ھێنانەوەیە کە، عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.