جەختی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە سەر بەرەنگار بوونەوەی دەسدرێژکاریی ڕژیمی زایونی
سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە کاردانەوە بە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئاویگدۆر لیبرمەن وەزیری شەڕی ڕژیمی زایونی سەبارەت بە سەرچاوە نەوتیەکانی لوبنان جەختیان کرد لەسەر بەرەنگار بوونەوەی هەر جۆرە دەسدرێژکاریەکی ئەو ڕژیمە .
ئاویگدۆر لیبرمەن وەزیری شەڕی ڕژیمی زایونی بە تازەیی بانگەشەی کرد مەیدانی نوهەمی نەوتیی و گازیی لوبنان هی ئەو ڕژیمەیە . بە گوێرەی ڕاپۆڕتی کاناڵی تەلەفیزیونی لوبنانی ئەلمنار " میشل عەون سەرۆک کۆماری لوبنان ڕۆژی پێنجشەمە لە کاردانەوە بەو کارەی ڕژیمی زایونی وتی: پەیوەندیەکان بۆ بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ دەسدرێژکاریی زەوینی و دەریایی ڕژیمی زایونی درێژەی هەیە . میشل عەون وتیشی : لوبنان لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەکان و وڵاتانی دۆستەوە بۆ هەڵس و کەوت لە گەڵ هەڕەشەکانی ڕژیمی زایونی هەوڵ ئەدات . سەرۆک کۆماری لوبنان بە وتنی ئەوەی کە ئەنجومەنی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتە جەخت دەکات لەسەر مافی لوبنان بۆ پاراستنی دەسەڵاتدارەتیی خۆی لە سەرزەوین و ئاوەکانی خۆی وتیشی : خاوەنداریەتی بلوکی نۆهەم هی لوبنانەو هەر جۆرە دەستدرێژکارییەک بۆ سەر ئەو بلووکە بە واتای دەستدرێژکاری بۆ سەر هەموو ولاتە . سەعد ئەلحەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنانیش وێڕای ئاماژە بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای بەرگریی لوبنان بۆ بەرگری لە خاکی ئەو وڵاتە وتی : لوبنان لە گەڵ وڵاتانی دۆست بۆ بەرەنگار بوونەوەی پاوانخوازیەکانی ڕژیمی زایونی لە ئاوەکانی لوبنان هەوڵ ئەدات .لە هەمان حاڵدا لە بەیاننامەی کۆتایی دانیشتنی ئەنجومەنی باڵای بەرگری لوبنان کە ڕۆژی چوارشەمە بە سەرۆکایەتی میشل عەون سەرۆک کۆماری لوبنان بەڕێوە چوو، جەخت کرا لە سەر دامەزراندنی شوورەیەک لە لایەن ڕژیمی زایونی لە سنوروەکانی لوبنان دەسدرێژکاری بۆ سەر دەسەڵاتداریەتی ئەو وڵاتە و پێشێلکرانی بڕیارنامەی 1701ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکانە . ئەو ئەنجومەنە هەروەها وێڕای نەیاریەتی دەربڕینی خۆی لە گەڵ وتەکانی ئەم دواییەی ئاویگدور لیبرمەن وەزیری شەڕی ڕژیمی زایونی سەبارەت بە سەرچاوە نەوتیەکانی لوبنان جەختی کرد ڕژیمی زایونی دەسدرێژی کردووە بۆسەر ناوچەی ئابووری تایبەتی لوبنان کە پانتاییەکەی 860 کیلومەتر بووە .