شوبات 09, 2018 10:46 Asia/Tehran
  • میشێل عەون لەدیداری کاربەدەستی ئەمریکایی: لوبنان بەرامبەر بە دەسدرێژیی ئیسراییل خۆڕاگری دەکات

میشێل عەون سەرۆک کۆماری لوبنان لە دیداری "دەیڤید ساترفیڵد" جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی کردە هەڵوێستی ئەمدواییەی ئەنجومەنی باڵای بەرەڤانیی لوبنان و وتی: لوبنان بەرامبەر بە دەسدرێژیی زەوین و دەریایی ئیسراییل خۆڕاگری دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی نیشتمانیی لوبنان؛ "میشێل عەون" شەروی هەینی لە بەیرووت لە گەڵ ساترفیڵد دیداری کرد و پرسی جۆربەجۆر لەوان ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییە لە باشووری لوبنان و هەڕەشە و مەترسییەکانی ڕژێمی زایۆنی لەو دیدارەدا خستە بەر باس و لێکدانەوە.

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای بەرەڤانیی لوبنان، چوارشەممەی ڕابردوو بە سەرۆکایەتیی "میشێل عەون"ی سەرۆک کۆماری لوبنان بەڕێوە چوو و جەخت کرا لە سەر ئەم مەسەلەیە کە ڕۆنانی دیوار لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە لە سنوورەکانی لوبنان دەسدرێژی بۆ سەر مافی دەسەڵاتدارێتیی ئەم وڵاتە و بنپێ کردنی بڕیارنامەی ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

ئەم ئەنجومەنە هەروەها بە دەربڕینی  نەیارەتی خۆی بەرامبەر بە قسەکانی ئەمدواییەی "ئاڤیگدۆر لیبێرمەن" وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە سەرچاوە نەوتییەکانی لوبنان جەختی کرد: ڕژێمی زایۆنی دەسدرێژی کردۆتە سەر ناوچەی ئابووریی تایبەتی لوبنان کە ڕووبەری ٨٦٠ کیلۆمەتر بووە.

"دەیڤید ساترفیڵد" لە سەفەریدا بۆ لوبنان دیسان لەگەڵ کاربەدەستانی لوبنانی لەوان "سەعد حەریری" سەرۆک وەزیران، "نەبی بێری" سەرۆک پەرلەمان و "جوبران باسیل" وەزیری دەرەە دیدار و وتووێژی کرد؛ ناوبراو هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی ناوچەی سەرسنووریی نێوان لوبنان و فەلەستینی داگیرکراوی کرد.

ژمارێک شرۆڤەکار و شارەزای سیاسی بڕوایان وایە؛ واشینگتۆن نیگەرانە بەرامبەر بە ڕوودانی شەڕ و کێشەی نوێ لە نێوان لوبنان و ڕژێمی زایۆنی، لەبەر ئەوەی کە ئەو کێشەیە دەبێتە هۆی پەرە سەندنی جم و جۆڵ و دەسەڵاتی حیزبوڵای لوبنان و ئەوەش بێ گومان زەبر لە پرۆژەی ئەمدواییەی ئەمریکا دەدات کە بەنیازی خستنە پەراوێزەوە حیزبوڵڵا و وەبن گوشار نانی ئەم بزووتنەوەیە بوو.

سەرپەیڤ