وەزیری ئاسایشی پێشووی ڕژێمی زایونی :ئیسرائیل بەر لە دەستپێکرانی جەنگی دووەمی کەنداوی فارس بە نیازی هێرشکردنە سەر توانا موشەکییەکانی عێراق بووە
موشیە ئارنز وەزیری ئاسایشی پێشووی ڕژێمی زایونی لە کتێبێکدا بە ناونیشانی "لە خزمەتی ئاسایشی ئیسرائیلدا" دانی بەوەداناوە کە سوپای ڕژێمەکەی بەر لە دەستپێکرانی جەنگی دووەمی کەنداوی فارس ، بە نیازی هێرشکردنە سەر توانا موشەکییەکانی عێراق بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە بڵاوکراوەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" ،وەزیری ئاسایشی پێشووی ڕژێمی زایونی لە یاداشتەکانیدا دانی بەوەدا ناوە کە، سوپای ئەو ڕژێمە بەتەما بووە بەر لە هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق لە ساڵی ١٩٩١ هێرش بکاتە سەر توانا موشەکییەکانی عێراق.
موشیە ئارنز وەزیری ئاسایشی پێشووی ڕژێمی زایونی لە یاداشتەکانیدا، کە بەمدواییانە لە کتێبێکدا بە ناونیشانی "لە خزمەتی ئاسایشی ئیسرائیلدا" بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە، ڕژێمی زایونی بەر لە دەستپێکرانی جەنگی دووەمی کەنداوی فارس لە ساڵی ١٩٩١ و هێرشی هاوپەیمانان بۆ دەرکردنی عێراق لە کوەیت، پلانی دانابوو بۆ هێرشکردنە سەر توانا موشەکییەکانی عێراق.
بەگوێرەی ئەم ھەواڵە ئارنز دانی بەوەدا ناوە کە تیمی هەلیکۆپتەری ئاپاچیی ڕژێمی زایونی کە ٤ فڕۆکەوانیان لەکاتی ڕاهێنانەکانیان لە بیابانی نەقەبدا بەهۆی تێکشکانی فڕۆکەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا، لە بنەڕەتدا خەریکی خۆڕاھێنان بوونە بۆ هێرشکردنە سەر عێراق و لێدانی توانا موشەکییەکانی ئەوکاتەی بەغدا لە ناوچەکانی خۆرئاوای عێراق .
لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٠دا ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل وایان بڵاو کردبووەوە کە هێزی ئاسمانی ئەو ڕژێمە چوار فڕۆکەوان و ئەفسەرێکی ئافرەتی بەهۆی تێکشکانی فڕۆکەکەیانەوە لە ڕاهێنانەکاندا لەدەست داوە.
بەگوێرەی دانپێدانانەکانی ئارنز ئەو ڕووداوە بووەتەهۆی کەوتنی گورزێکی بەهێز لە هێزی ئاسمانی ڕژێمی زایونی ، چونکە تەنها ماوەیەکی کەم بوو ئیسرائیل هەلیکۆپتەری جۆری ئاپاچیی کڕیبوو و ڕاهێنانی لەسەر دەکرد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا "ئاڤیاهۆ بەنون" فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانیی ڕژێمی داگیرکەری زایونیش ڕایگەیاندووە، کەشێکی قورس باڵی کێشاوە بەسەر هێزی ئاسمانیدا دوای لەدەستدانی دوو تیمی فڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل، کە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە ئامادەکرابوون بۆئەوەی هێرش بکەنە سەر ئامانجە موشەکییەکانی عێراق لە خۆرئاوای ئەو وڵاتە، چونکە بڕیاربوو هەلیکۆپتەرە ئاپاچییەکان ڕۆڵی کاریگەر ببینن لەو ئۆپراسیۆنەدا.
دوای مانگێک لەو ڕووداوە هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر سوپای عێراق لە کوەیت دەستیپێکرد، عێراق ژمارەیەک موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و یەکێک لە موشەکەکان لە تەلئەبیب کەوت و بووە هۆی بەرپابوونی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەناو ئیسرائیلیەکاندا.
لە لایەکی ترەوە ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحارانۆتی سەربە ڕژێمی زایونیش لە زاری ئارنزەوە وای بڵاوکردووەتەوە کە، هێزەکانی ئەمریکا کە لە ناوچەی کەنداوی فارس مۆڵ درابوون لەتوانایاندا هەبووە مانگێک بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر عێراق، توانا موشەکییەکانی ڕژێمی سەدام لەناوببەن. لە کۆتاییشدا بە فشاری ئەمریکا ڕێگەنەدرا کە ڕژێمی زایونی بەشداریی هێرشی هاوپەیمانان بکات بۆ سەر عێراق، چونکە واشێنگتۆن لەوە ترساوە کە نەکا بەشداری کردنی ئیسرائیل ببێتەهۆی زیانگەیاندن بە هاوپەیمانییەکە و کشانەوەی وڵاتانی عەرەبی لێی.