تاوانبارکرانی 25 کەس بە هۆی تەقینەوەکەی بەیروت
سەرچاوەیەکی دادوەریی لە لوبنان رایگەیاند، داواکاری گشتیی دادگای تێهەڵچونەوە لە لوبنان تایبەت بە تەقینەوەکەی بەیروت 25 کەسی بە تۆمەتبار ناساندوە کە لەنێویاندا بەرپرسی گەورە هەیە.
ئەو سەرچاوەیە وتوویەتی دادوەر غەسسان عوەیدات، داواکاری گشتیی دادگای تێهەڵچونەوەی لوبنان 25 کەسی بە تەقینەوەکەی بەیروت تۆمەتبارکردوە و لەنێویاندا گەورە بەرپرسانی بەندەری بەیروت و گومرگ و ئەمنیی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، 19 لەو تۆمەتبارانەی لەلایەن دادوەرەوە تۆمەتبارکراون لەدوای تەقینەوەکەوە هەتا ئێستا راگیراون و دەستبەسەرن، کە بە گوێرەی دەسەڵاتدارانی لوبنان تەقینەوەکە بەهۆی ماددەی کیمیاییەوە بوە.
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لەوبارەیەوە بڵاویکردوەتەوە، تا ئێستا تۆمەتەکان رون نییە، بەڵام سەرچاوە یاسیاییەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن تۆمەتبارەکان راپێچی دادگا دەکرێن بە مەبەستی دادگاییکردنیان.سێشەممەی پێشوتر، رێکەوتی 4ی ئابی ئەمساڵ تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز کە تاکە لە مێژوی بەیروتدا ئەو شارەی هەژاند و بەهۆیەوە نزیکەی 160 کەس گیانیان سپارد، زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتیش برینداربون.