بریندار بوونی ١٢٨ فەلەستینی بە دەستی هێزی سەربازیی زایۆنی
ڕێکخراوی هەیڤی سووری فەلەستین باسی بریندار بوونی ١٢٨ فەلەستینی لە باشووری نابلۆسی کرد بە دەستی هێزی سەربازی زایۆنییەوە.
ڕێکخراوی هەیڤی سووری فەلەستین لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاند؛ لە پەلاماری ڕۆژی هەینیی داگیرکرانی زایۆنی بۆ سەر فەلەستینییەکان لە باشووری نابلۆس، ١٢٨ کەس بریندار بوون یان بە هۆی هەڵمژینی گازی فرمێسکهێن تووشی حاڵەتی خنکان بوون. ئەو شەڕ و پێکدادانانە لە شارۆچکەکانی بەیت دەجن و بەیتا ڕووی داوە.
هێزی سەربازیی ڕژێمی زایۆنی دووشەممەی رابردوویش بە هێرش کردنە سەر خەڵکی بێ دەرەتانی فەلەستین لە گەڕەکی شێخ جەڕاح لە قودسی داگیرکراو ٣٦ فەلەستینییان بریندار کرد.
ئەو شەڕ و پێکدادانانە چەن ڕۆژ پاش شەهید بوونی لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵی فەلەستینی بە ناوی "شادی نجم" لە ئۆردوگای جەنین ڕوو دەدەن کە لە نەخۆشخانەی ئیبینی سینای ئەم ناوچەیە و بە گوللەی هێزی سەربازیی زایۆنی شەهید ببوو.