حەماس: پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیی خۆی لە ھەمبەر تاوانەکانی تەلەبیب ڕاپەڕێنێ
بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین "حەماس" خوازیاری هەنگاوی خێرای نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لەدژی گەلی فەلەستین.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، «جیهاد تەها» وتەبێژی بزوتنەوەی حەماس، داوای هەنگاوی خێرای ڕێکخراوی نەتەوەکانی کرد بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی و تاوانەکانی دوژمنی زایۆنی دژی گەلی فەلەستین لە کەرتی ڕۆژئاواو کۆتایی هێنان بە گەمارۆدانی شار و گوندەکانی فەلەستین.
«جیهاد تەها» هەروەها داوای ڕاگرتنی سیاسەتی سزادانی بەکۆمەڵی فەلەستینییەکانی کەرتی ڕۆژئاوای کرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوی برد.
وتەبێژی بزوتنەوەی حەماس ھاوکات ڕاشیگەیاند: ئەم بزوتنەوەیە وێڕای پێشوازی کردن لە هەوڵەکانی ڕێکخەری ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ڕاگرتنی هێرش و دەستدرێژکارییەکانی زایۆنییەکان دژی نەتەوە و خاک و شوێنە پیرۆزەکانی فەلەستین، داوای ئیدانەکرانی ئەم تاوانانە و لێپرسینەوە و سزادانی تاوانباران لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد.