١٤٧شەهیدو بریندار لە ئاکامی پەلامارەکانی ٢٤کاتژمێری ڕابردووی سەر لوبنان
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند؛ لەئاکامی پەلامارەکانی دوێنێ و دوێشەوی رژیمی زایۆنی بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی باشوری لوبنان ١٤٧کەس شەهید و بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند؛ لە هێرشی رۆژی ڕابردووی دوژمنی ئیسرائیلی بۆسەر شارۆچکەی "عین الدلب" لە باشوری لوبنان، ٤٥ کەس شەهیدو٧٠ کەسی دیکە بریندار بوون. ئەو وەزارەتخانە هەروەها رایگەیاند؛ لە پەلامارەکانی شەوی ڕابردووی دوژمنی زایۆنی بۆسەر ناوچەی "ئەلهێرمێل" لە ڕۆژهەڵاتی لوبنانیش ١٢ کەس شەهید و بیست کەسی دیکە بریندار بوون.
ئەوە لەکاتێکدایە کە هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنی ئەمڕۆش بۆسەر شارەکانی "یارون" ، "شەهابییە" و "کەفرا" لە باشوری لوبنان هەروا درێژەی بوو و ناوچەگەلێکیش لە "سور" تۆپباران کران و ناوچەکانی "خەییام" و "ئەلوەزانی" لە باشوری لوبنانیش بەدرۆن کرانە ئامانج. هەواڵدەریی فەرمیی لوبنانیش ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، "کەفەر تەبنیت"، "دێروزەهرانی" و ناوچەی هەڵکەوتوو لەنێوان عەرەب سەلیم و حەبوشیان بۆردومان کردووە. ناوچەکانی شمستر، نەبی شەیس و نەبی عوسمان لە دۆڵی بوقاعی لوبنایش کەوتوونەتە بەر پەلاماری دڕندانەی رژیمی زایۆنیستی.