زاڵبوونی هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەسەر چیای ستراتژیکیی "هان" لە پارێزگای تەعز
میدیا هەواڵییەکان ڕایانگەیاند؛ هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە درێژەی پێشڕەوییەکانیان، توانیان کۆنترۆڵی چیای ستراتژیکی "هان" لە پارێزگای تەعز بگرنەدەست.
شەڕ و پێکدادانی قورس لەهەموو بەرەکانی باکوور و رۆژاوای شاری تەعز هەروا بەردەوامە. هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەرەو چیای ستراتژیکی هان لە رۆژاوای تەعز چوونەپێش و توانیان دەست بەسەر چەند شوێنیکدا بگرن و میلیشیاکانی عەرەبستان لەو ناوچانە دەرپەڕێنن. بەرلەوەش، هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنی کرانەئامانجی شوێنی گردبوونەوەی هێزە سەعودییەکان لە ناوچەی "رئسولعارە" و "ئەلموزارەبە"، ژومارێکی زۆر لە هێزە سەعودییەکان کوژراون یان بریندار بوون و ژومارێک لە ترۆمبیلە سەربازییەکانیش لەکار کەوتوون. میدیا عەرەبییەکانیش باسی ڕوودانی چەند تەقینەوەیان کرد لە شارەکانی نەجران و جازانی عەرەبستان. لەهەمان کاتدا، سەرتیپ یەحیا سەریع وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سەعودیا لەماوەی ٢٤کاتژمێری رابردوو، چل و دوو هێرشی ئاسمانی و مووشەکیان دژی ئامانجە ناسەربازییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن و پارێزگاکانی تەعز، لەحەج، مەئریب و عیمران و هەروەها دوورگەی مەییون ئەنجام داوە. کۆی پەلاماری دەسدرێژکارانەی عەرەبستانی سەعودی بەئاسمانی و مووشەکییەوە لە کاتی دەسپێبوونی شەڕی قورس لەنێوان دوو وڵاتدا، گەیشتووەتە ٢٣٢٣ حاڵەت. لەهەمان کاتدا، بەرپرسانی یەمەنی وتوویانە کە چالاکیی گەمییەوانی بۆ هەموو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بێجگە لە کەشتیەکانی دوژمنی سەعودی، تەواو هێمن و سەلامەتە. یەحیا ئەڕاعی سەرۆکی پەرلەمانی یەمەن ئیدیعا باسکراوەکان لە ڕاپۆرتی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بوونی هەڕەشەو مەترسی لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەبی، بە بێ بنەما زانی.ناوبراو جەختی کردووە، ئەو کەشتیانەی پەیوەندییان بە دوژمنی سەعودییەوە هەیە لە چوارچێوەی هاوکێشەی "گەمارۆ لەهەمبەر گەمارۆدا"، بەئامانج دەگیرێن.