زەریف ئەمڕۆ سەردانی کوردستانی ئێراق دەکات
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش دیدار لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە ئێراقییەکان لە بەغدا بۆ وتووێژ و ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەی کوردستانی ئێراق ڕۆژی سێشەممە بەرەو ئەم ناوچەیە وەڕێ دەکەوێ.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "مورتزا عەبادی" سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، وتی: "محەممەد جەواد زەریف" کە ڕۆژی یەکشەممە بە مەبەستی قووڵتر کردنی پێوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئێراق سەردانی بەغدای کردووە ، ڕۆژی سێشەممە لە سەروی شاندێکی باڵای سیاسی و ئابوورییەوە سەردانی هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان دەکات.
ناوبراو وتی: وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەولێر لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای هەرێمی کوردستانی ئێراق سەبارەت بە پرس و بابەتی جێی سەرنجی دوولایەن بەتایبەت پرسە بازرگانییەکان دیدار و وتووێژ دەکات.
سەرکۆنسولی ئێران لە هەولێر وتی: زەریف لەم شارەدا جگە لە دیدار لەگەڵ چالاکانی بواری بازرگانی، لە کۆبوونەوەی لێکدانەوەی ڕێگاکانی پەرەسەندنی پێوەندیی دوولایەنی ئابوری و بازرگانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ناوچەی کوردستانی ئێراق بەشدار دەبێت.
نزیکەی سێ ملیار دۆلار لە هاوردەی ئێراق لە ئێرانەوە و لە ڕێگای بوارگە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی ئێراق جێبەجێ دەکرێ.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی سەفەری چوار ڕۆژەی بۆ ئێراق، سەردانی سلێمانی، کەربەلا و نەجەفیش دەکات.