گۆڕان لەبارەی کشانەوە لە حکومەتی هەرێم بڕیاردەدات
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێی جڤاتی نیشتیمانیدا هەڵسەنگاندن بۆ ماوەی بەشداربوونیان لە کابینەی نۆیەم کردوە.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنیی جڤاتی نیشتیمانیدا هەڵسەنگاندن بۆ ماوەی بەشداربوونیان لە کابینەی نۆیەم کردوە و رەخنەیان لە سیاسەتی کابینەکە، پەلەنەکردن لە چاکسازی و باشترنەکردنی گوزەرانی خەڵکی هەیە، بەڵام گۆڕان بڕیاریداوە لەناو حکومەتەوە هەوڵەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنورییەکان و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا چڕتربکاتەوە.
عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، جڤاتی نیشتیمانیی میوانداری تیمی گۆڕانی لە حکومەتی هەرێم کرد و لەکۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی کابینەکە لە ماوەی ساڵێکدا کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەی دوێنێ باس لە گۆڕانکاریکردن لە پشکی گۆڕان لە پۆستەکانی ناو حکومەتی خۆجێی سلێمانی و هەڵەبجە نەکراوە، ئەو دەنگۆیانەش کەباس لە گۆڕانکاریکردن دەکەن هیچ بنەمایەکیان نیە.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕو، بزوتنەوەکەیان بڕیارداوە کۆنفرانسی قەزاکان دەستپێبکات و تا کۆتایی ئەمساڵ کۆنفرانسی نیشتیمانی گۆڕان بەڕێوەبچێت، هەروەها هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان دەستپێدەکەن.