ئاب 26, 2021 18:46 Asia/Tehran
  • عەبدولستار مەجید: کەسانێک کە بە نەرێنی سەیری ڕووداوەکانی ئەفغانستان دەکەن کێشەیان لەگەڵ خودی ئیسلام و مسوڵمانانە

«عەبدولستار مەجید»ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای کۆمه‌ڵی دادگه‌ریی ھەرێمی کوردستان لە بارەی گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستانەوە ڕایگەیاندووە:لە هەر شوێنێکی دنیا مسوڵمانێک دەسەڵاتی هەبێ میدیای درۆزنی ڕۆژئاواو ئەوانەی هەرێمیش دەکەونە ناشیرین کردن و شێواندنی ڕاستییەکان، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، کەسانێک کە بە نەرێنی سەیری ئەو ڕووداوانە دەکەن کێشەیان لەگەڵ خودی ئیسلام و مسوڵمانانە.

«عەبدولستار مەجید» ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای کۆمه‌ڵی دادگه‌ریی ھەرێمی کوردستان سه‌باره‌ت بە گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان و دەستەڵات گرتنی تاقمی تالیبان لەو وڵاتە لە توییتێکدا ڕایگەیااندووە:  ئەرکی ئەوان وەک هێزێکی ئیسلامی لە کۆتایی هێنان بەو دۆخە و هێنانە پێشەوەی سەردەمێکی نوێی جیاواز لەو بیست ساڵەی پێشوو، قورس و دژوار دەبێت، بەڵام ئەستەمیش نابێت، بە مەرجێک دڵسۆزبن بۆ میلەتەکەیان و ڕاستگۆبن لەگەڵ بەرنامە و بەڵێنەکانی خۆیان.

ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەمەیە کە، جارێ هیچ گۆڕانکارییەک ڕوی نەداوە، تالیبان دەسەڵاتی نەگرتۆتە دەست، کەچی میدیای فیتنەی ڕۆژئاواو پاشکۆکانیان لە هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە درۆکردن و بەراوەژوو پێشاندانی ڕاستییەکان و بەلاڕێدا بردنی خەڵک و هەڵخەڵەتاندنیان .

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: لە دیدی ئێمەدا خەبات بۆ هەر گەل و نەتەوەیەک دژی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی ماف و بگرە ئەرکێکە و پێویستە ئەنجام بدرێت، سەبارەت بە بڕیاردانیش لەسەر شێواز و دیدی بزوتنەوەی تالیبان بۆ حوکمڕانی و بەڕێوەبردن هێشتا زووە بڕیار بدەین . پێویستە چاوەڕێ بکەین تا بزانین ماف و ژیان و گوزەرانی خەڵک چۆن دەبێت و چۆن لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەریی مامەڵە دەکەن و لەگەڵ پێکهاتەکان و پەیوەندییە سیاسییەکانیان چۆن دەجوڵێنەوە ؟

ئەوەشی ڕاگەیاندوە کە، نابێت ئەوەشمان لە بیربچێت کە تاڵیبان ٢٠ ساڵە لە شانۆی سیاسیی دوورە و لەو ماوەیەشدا ئەو وڵاتە بەدەست کۆمەڵێک هێزی مشەخۆر و سەرکردەی دز و گەندەڵەوە گیرۆدە بووە و میلەتەکەشیان برسی و چەوساوە بووە.بۆیە ئەرکی ئەوان وەک هێزێکی ئیسلامی لە کۆتایی هێنان بەو دۆخە و هێنانە پێشەوەی سەردەمێکی نوێی جیاواز لەو بیست ساڵەی پێشوو، قورس و دژوار دەبێت.

«عەبدولستار مەجید» ڕوو لەو کەسانەش کە نەیاری ئەو گۆڕانکارییانەی ئەفغانستانن، ڕایگەیاندووە: خۆ ھێشتا سەرەتای گۆڕانکارییەکانە، دەسا بۆ وا تۆقیون، چاوەڕوان بن بزانن چی ڕوو دەدات، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کەسانێک کە بە نەرێنی سەیری ئەو ڕووداوانە دەکەن کێشەیان لەگەڵ خودی ئیسلام و مسوڵمانانە و لە هەر شوێنێکی دنیا مسوڵمانێک دەسەڵاتی هەبێ و هێزێکی ئیسلامی بێتە پێشەوە، ڕاگەیاندن و میدیای درۆزنی ڕۆژئاواو ئەوانەی هەرێمیش کە بە پارەی دزی بەڕێوەدەچن، دەکەونە ناشیرین کردن و شێواندنی ڕاستییەکان !

سەرپەیڤ