یەکیەتی نەیتوانیوە پرسی کاندیدی سەرۆک کۆماری یەکلابکاتەوە
دوای کۆبوونەوەیەکی درێژی شەوی رابردوو، مەکتەبی سیاسی یەکیەتی لە دەباشان نەیتوانی پرسی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە نێوان لەتیف رەشید و بەرهەم ساڵح دا یەکلایی بکاتەوەو بڕیار لەسەر یەکێکیان بدات.
هەرچەندە بڕیار بوو شەوی رابردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئەمجارەش ئەو کاندیدەیان یەکلایی نەکردەوە و جارێکی دیکە شاندی یەکێتی دەچنەوە بەغدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە میدیای(سپی) راگەیاند، ئەمشەو نەیانتوانی کاندیدی فەرمییان بۆ سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە و وتی "تائێستا لەنێو یەکیەتیشدا چانسی کاندیدکردنەوەی د.بەرهەم ساڵح بۆ پۆستەکە 50%یە، چونکە ئێستا د.لەتیف رەشیدیش خۆی کاندید کردووە، بۆیە جارێکی دیکە شاندی یەکێتی سەردانی بەغدا دەکەنەوە بۆ تاوتوێی دۆخەکە و زانینی هەڵوێستی شیعە بۆ دەرچوونی کاندیدی یەکێتی".
ئەو سەرچاوەیە وتی "ئەگەر توانیان بە کاندیدکردنەوەی د.بەرهەم پۆستەکە بەدەست بێننەوە ئەوا کارێکی باشە، ئەگەریش بزانن د.بەرهەم ناتوانێت دەنگی پێویست بەدەست بێنێت هەوڵ دەدەن کاندیدەکە بگۆڕن".
دەربارەی ئەوەی د.لەتیف رەشید، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کاندیدی فەرمی یەکێتییە بۆ سەرۆک کۆمار، سەرچاوەکە روونیکردەوە، نەخێر د.لەتیف تەنها بەناوی خۆیەوە خۆی کاندید کردووە، بەڵام چانسی کاندیدبوونیشی وەک یەکیەتی دەبێت، چونکە هەم یەکیەتییە و هەمیش کوردە.
دەربارەی ئەوەش ئەگەر بێتوو بەرهەم ساڵح و هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی کە خۆی کاندید کردووە بکەونە رکابەرییەوە کامیان سەردەکەون، سەرچاوەکە وتی "ئەگەر وەک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بێت، بێگومان هۆشیار زێباری دەیباتەوە، چونکە بەپێی رێککەوتنەکەی نێوانیان، سەدر ناتوانێت دژی کاندیدی پارتی بێت".
وەک ئەو سەرچاوەیە باسیکرد، ئەوا تا چەند رۆژێکی دیکەش کاتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی فەرمییان، بۆیە جارێکی لەو رووەوە پەلەیان نییە.