شوبات 28, 2022 10:54 Asia/Tehran
  • شەوی رابردوو ، باره‌گاى ئه‌نجومه‌نى باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان له سلێمانی کەوتەبەر دەسڕێژ

شەوی رابردوو له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کدارى نه‌ناسراوه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌باره‌گاى ئه‌نجومه‌نى باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کرا لەگەڕەکی کازیوە لەشاری سلێمانی، ئەم ڕوداوە لەکاتێکدایە عەلی باپیر لەوێ بووە.

 

 سه‌رچاوه‌یه‌کى باڵاى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى تایبه‌ت به‌شارپرێسى ڕاگه‌یاند، "ئه‌مشه‌و چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەیان لەبارەگای ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کرد لەگەڕەکی کازیوە لەشاری سلێمانی".

سه‌رچاوه‌ باڵاکه‌ى شارپرێس ئه‌وه‌شى ڕونکرده‌وه‌، "لەگەڵ تەقەکاندا، پاسەوانەکانی ئەنجومەنی باڵا هاتنه‌دەست‌و یەکێک لەچەکدارەکانیان دەستگیرکرد دوای هەڵاتنی لەدەستیان، چەکدارەکەی دیکەشیان دەستگیرکرد".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌که‌، "دوای دەستگیرکردنی چەکداری یەکەم، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پرادۆ هەوڵیدا، چەکداری دووەم ڕزگاربکات، بەڵام سەرکەوتوو نه‌بوو ئەویش دەستگیرکرا".

سه‌رچاوه‌که‌ باسى له‌وه‌شکرد، "ئەم ڕووداوە لەکاتێکدابوو، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی لەناو بارەگای ئەنجومەنی باڵا بوو، دەستەی پاسەوانیی ناوبراویش بەشداربوون لەدەستگیرکردنی تەقەکەرەکان".

سه‌باره‌ت به‌هاناوه‌هاتنى هێزه‌ ئه‌منیه‌کانیش، سه‌رچاوه‌که‌ وتى:"دوابەدوای ڕووداوەکەش هەریەکە لەهێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن‌و ئاسایشی سلێمانیی‌و ئۆپەراسیۆنەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی باڵاو دەزگای پۆلیسی سەر بەکۆمەڵەوە، تەقەکەرەکان ڕادەستی ئەو هێزانە کران".

وه‌کو سه‌رچاوه‌که‌ جه‌ختیکرده‌وه‌، "ئەوەی زیاتر لامان گومانه‌، بوونی سەرۆکی کۆمەڵ بووە لەناو بارەگاکەدا کە تەقەکانیش هەر لەوێ کراون".

سه‌ربارى لێدوانى ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ بۆ شارپرێس، بەڵام ڕه‌تیکرده‌وه‌ هیچ قسه‌یه‌ک بکات له‌سه‌ر زیانی گیانی‌و مادیه‌کانى ئه‌و ڕوداوه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ى وت:"تادەرکەوتنی ئەنجامی لیکۆڵینەوەکان نامانەوێت لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێک بدەین کە ئایا دەستی سیاسی لەپشتەوەیە یان نا؟".

کۆمەڵی دادگەری کوردستان  لەپەرلەمانی کوردستان حەوت کورسیی‌و لەئەنجومەنی نوێنەرانیش لە بەغدا ته‌نها نوێنەرێکی هەیە.

سەرپەیڤ