May 26, 2022 16:21 Asia/Tehran
  • وەزیری پێشمەرگەی هەرێم : بەشێکی زۆر لە گرژیەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقمان چارەسەر کردووە

«شۆرش ئیسماعیل» وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: بەشێکی زۆر لە گرژیەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقمان چارەسەر کردووەو لە ئێستادا دەتوانم بڵێم متمانەیەکی باش لەنێوانماندا هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕەکانی ھەرێمی کوردستان،«شۆرش ئیسماعیل» وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەوتارێکدا کە لە میانەی ئاهەنگی دەرچوونی خولی ٢٧ی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ پێشکەشی کرد رایگەیاند: ئێمە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق لەسەر پشکی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆلێژ و زانکۆ سەربازییەکان  رێککەوتوین، بۆ یەکەمجاریش پشکی کورد لە زانکۆی نیشتیمانیی عێراق دیاری کراوە.

رونیشی کردەوە، بۆ ئەوەى ململانێی سیاسی و حزبى کار لەسەر ئارستەی کارەکانى وەزارەتى پێشمەرگە نەکات لیژنەیەک راسپێردراوە بۆ دیاری کردنى سەرچاوەیەکی سەربازى کە یاسا و رێسا و و دیسیپلینە سەربازییەکانە.

ئاشکراشی کرد، بۆ یەکەمجار لیستێکی ٨٣٠ کەسی رەوانەی خانەنشینی کراون، گۆڕانکاریی لە نزیکەى ١٠٠ پۆستى باڵا کراوە و بەردەوامیش دەبێت، ئەمەش وەک بەشێک لەپلانی چاکسازی، داوای دامەزراندنمان کردووە بەمەبەستی پێگەیاندنی خوێنی نوێ، بەتەواوی بە لیستی خانەنشینی و کەمئەندامان دا چوینەتەوە کەسانی شایستە و ناشایستە جیاکراونەتەوە،گەر دەستتێوەردانی حزبیش نەبێت دەتوانین کاری گەورەتریش بکەین.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە چاکسازی لە ریزەکانی پێشمەرگەدا توانیومانە بەشێکی زۆر لە گرژییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق چارەسەربکەین، بۆیە لە ئێستادا دەتوانم بڵێم متمانەیەکی باش لەنێوانماندا هەیە، گەر لیوای ٢٠ یش بڕیاری لێبدرایە لە ناوچە بۆشاییە ئەمنییەکان، داعش نەیدەتوانی بە دڵی خۆیان تەراتێنیی تێدا بکەن.

جەختی لەوەش کردەوە،دەبێت هەنگاوەکانمان خێراتر بکەین لە دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوو، چونکە بەبێ ئەمە ئەستەمە باس لە قەوارەیەکی بەهێز بکرێت لە هەرێمی کوردستاندا چ لە ئێستا و چ لە داهاتودا.

سەرپەیڤ