نێچرڤان بارزانی: عێراق پێویستى بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و بەرپرسیارێتیى هاوبەشە بۆ رزگارکردنى
سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، عێراق پێویستى بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و بەرپرسیارێتیى هاوبەشە بۆ رزگارکردنى.
دەشڵێت، "جەخت لە پاڵپشتیمان دەکەمەوە بۆ بانگهێشتەکەى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیران بۆ ئەنجامدانى دیالۆگ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانى عێراق".
ئەمڕۆ 2 ى ئابى 2022 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە تویتێکدا نووسیویەتی "لە کاتێک دا بانگهێشتەکەمان دووپات دەکەمەوە بۆ دیالۆگى برایانەى عێراقى گشتگیر لە هەولێر، جەخت لە پاڵپشتیمان دەکەمەوە بۆ بانگهێشتەکەى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیران بۆ ئەنجامدانى دیالۆگ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانى عێراق بۆ دۆزینەوەى دەرچەیەک بۆ قەیرانى ئێستا و کارکردنى پێکەوەیی بۆ گەیاندنى وڵات بە کەنارى ئارامى.
ئەم پەیامەی سەرۆکی هەرێم دوای ئەوە دێت کازمی لە بەیاننامەیەک دا کە ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی کردووه، رایگەیاندووە: "عیراقەکەمان شاهیدی گرژییەکی سیاسی گەورەیە کە رەنگە هەڕەشە بکات، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە ئارام ببنەوە و دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردن لەسەر بنەمای نیشتمانی دەستپێبکەن".
کازمی داوای لە هەموو لایەک کرد کە نەکێشرێنە ناو تۆمەت و زمانی خیانەت و دروستکردنی دوژمنایەتی و رق لە نێوان برایان لە یەک وڵات دا.