عەلی باپیر: خۆتان عەیبداری دنیاو گوناهباری قیامەت مەکەن
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لەپەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە داوای ئاشتەوایی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کردو ڕایگەیاند: هەرچی زووتر دەست لەو ناتەبایی و بارگرژییە هەڵبگرن و خۆتان عەیبداری دنیاو گوناهباری قیامەت مەکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق، «عەلی باپیر» سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لەپەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە ڕایگەیاند: مانگی ڕەمەزانی هەر ساڵێک وێستگەیەکی گرنگە لە ژیانی هەر موسڵمانێکدا، هەل و دەرفەتێکی یەکجار گرانبەهایە بۆ خۆ پاک و چاککردنی زیاتر و مشت و ماڵی دڵ و دەرون و جوانکردنی ڕەوشت و ڕەفتار، بەهۆی هەرچی باشتر و قوڵتر و ڕاستتر پەرستنی خوای بەبەزەییەوە، بە چەمک و واتای فراوانی خواپەرستی، هیوادارام هەموومان باشترین بەهرەمان لە و هەل و دەرفەتە وەرگرتبێت، چاو بەخۆدا گێرانەوەیەکی باشمان لەو وێستگەیەدا کردبێت، دوای ڕەمەزانیش بیپارێزین و لەدەستی نەدەین.
دەست لەو ناتەبایی و بارگرژییە هەڵبگرن و خۆتان عەیبداری دنیاو گوناهباری قیامەت مەکەن
«عەلی باپیر» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە،ڕوو دەکەمە تێکڕای ئەو لایەنە سیاسییانەی پێکەوە هەستیاری و بارگرژییان ھەیە، بەتایبەت هەردووک حیزبی حوکمڕان، بۆ ئەوەی هەرچی زووتر دەست لەو ناتەبایی و بارگرژییە هەڵبگرن، دڵنیابن بەبەردەوام کردنی ئەو حاڵەتە خۆتان و ئەو خەڵک و وڵاتەی لافی خزمەتکردنیان لێدەدەن، پتر توشی ئەو زیانەی کە پێشتر کردووتانە، دەکەن، بێجگە لەوە عەیبداری دنیا و گوناهباریی ڕۆژی قیامەتیش دەبن.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەش کرد: هیوادارم ئەو ڕێککەوتنەی نێوان هەرێم و حکومەتی نێوەندی لەمەڕ فرۆشتنی نەوتی هەرێم و دابینکردنی موچەو بژیوی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڕێک و پێکیی لە هەردووک لاوە جێبەجێبکرێت، خەڵکەکەمان لە نیوە موچە و پاشەکەوت و لێبڕینی موچە و چی و چی، ڕزگاری ببێت، چی دیکە خەڵک دەستی لەسەر دڵی نەبێت لەبارەی موچە و بژێوەکەیەوە کە مافێکی سادە و سەرەتایی هەر هاوڵاتییەکەو ئەرکێکی سادەی هەر قەوارە و حکومەتێکیشە بۆ خەڵکەکەی دابینی بکات.
با پشتگریی موسڵمانانی فەڵەستین بکەین کە لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە ستەمیان لێ دەکرێت و،هەڵکوتانە سەر نوێژخوێنانی نێو مزگەوتی ئەقسا، نمونەیەکی زۆر زەق و ئاشکرایەتی
هەر لەو پەیامەیدا باسی لەوەش کردووە کە، لەلای هەموو لایەک ئاشکرایە کە خەڵک و کەسانێکی زۆر لە موسڵمان و نا موسڵمانان لە سەرتاسەری دنیا، دوچاری ستەم و بێدادیی بوونەتەوە، ژیانیان بە ئێش و ژان و گرفتاریی دەگوزەرێنن، ئێمەی موسڵمانیش لەسەرمان فەڕزە، بەردەوام لەبەرەی ستەملێکراواندا بین، دژی ستەم و بێدادیی و خراپەکاریی بین، بۆیە لەسەرمان پێویستە هەرکەسێک بەپێی تواناو بۆلوانی، ئەگەر بە نزایەکی خێر و بە قسەیەکی خێریش بێ لە ڕاگەیاندنەوە، پشتگیریی مەزڵومان بکەین، بەتایبەت موسڵمانانی فەڵەستین کە لە هەموو شارو ناوچەکانی فەڵەستینی داگیرکراودا، لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە ستەمیان لێ دەکرێت، کە هەڵکوتانە سەر نوێژخوێنانی نێو مزگەوتی ئەقسا، نمونەیەکی زۆر زەق و ئاشکرایە.