یەکێتی داخوازی نوێی دەبێ بۆ پێکهێنانی حکومەت
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند کە داخوازەکانی یەکێتی بۆ بەشداری لە حکومەتی داهاتوو گۆڕانی بە سەردا دێت و دەبێ چاوەڕێی داخوازی نوێ بن.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت وتی: کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی و پارتی بەردەوامە، ڕەنگە لە کۆبوونەوەی پێشتردا هەندێ داخوازمان هێنابێتە ئاراوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا داخوازی تازەمان دەبێ." قوباد تاڵەبانی لە درێژەدا پێیداگرت: پارتی دیموکرات هەندێ پێشنیار دەخاتە بەردەست و دەڵێ ئەوە بۆ ئێمە باشە، بەڵام ڕەنگە لە ڕوانگەی ئێمەوە باش شتێکی تر بێ. کەوایە نابێ پێتان سەیر بێ کە یەکێتی لە دانوستانەکانی دواتردا داخوازی جیاواز بێنێتە ئاراوە."
ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە حەوت مانگ تێپەڕیوە بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ٢٠ی ئۆکتۆبری ڕابردوودا و دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێم ئێستایش نەگەیشتوونەتە تەبایی یەکجاری لە سەر پێکهێنانی حکومەت.