سێ هەزار کێڵگەی مین هەیە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا
دەزگەی کاروباری مینی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ساڵرۆژی قوربانیانی بواری هەڵگرتنەوەی مین ڕایگەیاند کە سێ هەزار کێلگەی مین و دەیان هەزار پارچە تەقەمەنیی نەتەقاوە لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق هەروا بە نەتەقاوەیی ماونەتەوە.
لە بەیاننامەی دەزگەی کاروباری مینی هەرێمی کوردستانی عێراقدا هاتووە، بەگشتی سێ هەزار کێڵگەی مین و دەیان هەزار پارچە تەقەمەنی و ئامێری جەنگیی نەتەقاوەو پاشماوەی شەڕ لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیەو تائێستا ١٣ هەزار و ٥٠٠ کەس لە ئەنجامی تەقینەوەی مین یان تەقەمەنی و چەکئامێری نەتەقاوە، گیانیان لەدەست داوە یان بریندار بوون.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە لە ئاکامی هەڵمەتی پاکتاوکردن و کەمکردنەوەی ئاسەواری مین و تەقەمەنیەکان، ٣٥ کەس لە فەرمانبەران و کارناسانی ڕێکخراو و کۆمپانیا چالاکەکانی بواری مین هەڵگرتنەوە، گیانیان لەدەست داوەو ٦٧ کەسی دیکەش بریندار بوون و تائێستا ٥٧٦ کیلۆمەتری چوارگۆش لە کۆی ٧٧٦ کیلۆمەتری چوارگۆشی ناوچە مین تێدا چێندراوەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لە مین و تەقەمەنی و ئامێری جەنگیی پاک کراونەوەو رادەستی خاوەن زەوییەکان کراونەتەوە.