زەرەر و زیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ گەیشتە ٢٠٠ ملوێن دۆلار
لافاوی بەربڵاوی ئەم دواییە زیانی گەیاندە سەدان ماڵ و ئۆتۆمبیل و زیانەکەش بە نزیکەی دووسەت ملوێن دۆلار مەزەندە کراوە .
لافاوەکەی ئەم دواییەی ناوچەی چەمچەماڵی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و دوازدە کەسیشی بریندار کردووە . لافاوەکە زیانی بە هەزار و شەشسەت و حەوت بنەماڵەی دانیشتووی هەرێم و دووسەت ئۆتۆمبێل و سەت و پانزدە دوکان و مارکێت گەیاندووە، هەروەها زیانی بە چوارسەت و پەنجا پڕۆژەی جیاواز گەیاندووە . بەگوتەی سەرۆکی ناحیەی شۆڕش ، تەنیا لەم ناحیە زیاتر لە حەوت سەت ماڵ و زیاتر لە دووسەت و پەنجا ئۆتۆمبێل و زیاتر لە پەنجا دوکان وهەمار زیانیان بەرکەوتووە. هاوڵاتیانی ناوچە لافالێدراوەکانی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە نەبوونی خزمەتگوزاری و کەمتەرخەمیی دامودەزگا بەرپرسەکان. هاوکات ناوەندی ڕاگەیاندنی میترۆ ڕایگەیاند کە کەڵک وەرگرتنی سیاسی حیزبەکانی هەرێمی گوردستان لە ئازارکێشانی لێقەوماوانی لافاوەکە جێگای شەرمەزارییە.