سەردانی ئەردوغان بۆ بنکەی سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی چڵەزەیتوون لە سنووری سووریا
ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی پێنج شەممە سەردانی بنکەی سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی چڵەزەیتوون لە سنووری سووریای کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری بۆ بنکەی سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی چڵەزەیتوون لە سنووری سووریا لە ھەل و مەرجێکدا ئەنجامی گرتووە کە ئەردوغان ھەر لەو ڕۆژەدا لە ئانکارا ڕایگەیاند کە ئۆپراسیۆنی سوپای ئەو وڵاتە لە شاری عەفرینی باکووری سووریا ھەتا لەنێو چوونی تۆکمەوتەواوی خۆی وتەنی ئەو تیرۆریستانەی لە لایەن ئەمریکاوە داکۆکییان لێ دەکرێت بەردەوام دەبێت.
ھەر لەم حاڵەدا کێنێت مەکنزی بەڕێوەبەری ئەرکانی ھاوبەشی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە شاڵاوی سەربازیی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین، ئەو شاڵاوانەی لە ئاراستەی خەباتی دژی داعش نەزانی و پێی داگرت: ئەو کارەی وا ئێستا تورکیا دەیکات، ھیچ یارمەتییەکی ھاوپەیمانیی ئەمریکایی دژی داعش نادات.
کێنێت مەکنزی بەڕێوەبەری ئەرکانی ھاوبەشی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا وتیشی: ئەو شاڵاوانەی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین گرفتی بۆ ڕەوتی خەباتی دژی داعش لە سووریادا دروست کردووە.
بەڵگەکان لە باکووری سووریا دەربڕی ئەوەن کە تورکیا بە پەیڕەو کردنی سیاسەتەکانی دژی سووریی دەوڵەتی ئەمریکا لە ماوەی شەش ساڵی سەرەتای شەڕی سووریا، بەو سیاسەتانە ھەڵخەڵەتاو کەوتە داوی ئەمریکاوە، ھەر بۆیە ئێستاکە بۆ خۆڕاپسکاندنی لەو داوەی ئەمریکا لێی یاخی بووەو خەریکە دژی سووریا ھەنگاوی یەک لایەنە ھەڵدەگرێت.
ئۆپراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا بۆسەر شاری عەفرین لەپارێزگای حەڵەب لە باکووری سووریا لەژێرناوی چڵە زەیتوون، لەدژ شەڕڤانانی کورد لە شەممە٢٠ی ژانڤییەوە دەس پێ بوو.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا شاڵاوی ھێزەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ئەم شارەی شەرمەزار کردووەو ڕایگەیاندووە کە ئەو ھەنگاوەی تورکیا پێشێلکردنی سەروەری و دەستەڵاتی نیشتیمانیی سووریایە.