حوزه‌یران 18, 2018 01:49 Asia/Tehran
  • ھەرەس ھێنانێکی دووبارەی داعش لە سووریا

ھەسەدە ناوچەیەکی پان و بەرین لە تیرۆریستانی داعش دەستێنێتەوە .

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە داعش لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە ٣ ناوچەی هەردوو پارێزگای دێرەزوور و حەسەکە و ناوچەی بادیە بەڕێوەچووە کە لەو چوارچێوەیەدا تیرۆریستانی داعش  گەورەترین ناوچەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا لەدەست داوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە باشوری شاری حەسەکەی سووریا پێشڕەوییەکی بەربڵاویان ھەبووەو لە ئەنجام دا شارۆچکەی دەشیشەیان کە لە سێ کیلۆمەتریی سنوری نێوان عێراق و سوریادا ھەڵکەوتووە لەژێر ڕکێفی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کردووە .

لەم پەیوەندییەدا ، ڕوانگەی سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ڕایگەیاندووە: لەو ھەڵمەتەدا هێزەکانی ئەمریکا و فەڕەنساش پشتیوانیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردووە و لە ئێستاشدا ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کێوماڵ دەکرێت.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، بە کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی دەشیشە داعش لە ناوچەکانی ڕیفی حەسەکە توانای هاتوچۆی نامێنێت و لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا گەمارۆدەئرێن.

هاوکات ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سووریاى دیموکرات ئاماژەی بەوەش کردووە کە، قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنى گەردەلولى جەزیرە بە کۆنترۆڵکردنەوەى سەرجەم ناوچەکانى ڕیفی حەسەکە لە ماوەى ١٤ ڕۆژدا لە کۆتاییدایە. بە قسەی هێزەکانى سووریاى دیموکرات لەناو شارۆچکەی دەشیشەدا زیاتر لە ٨٠٠ چەکدارى داعش مۆڵ درا بوون  کە بەشێکیان ئەفغانى و تونسی بوونە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو کە، لە ئێستادا سەرباری ئەوەی کە  داعش ناوچەکەى مینڕێژ کردووە، زیاتر لە ٣٠ گوندى سنورى شارۆچکەى دەشیشە لە لایەن ھەسەدەوە  کۆنترۆڵ کراوە . ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا هێزەکانی سووریای دیموکراتی ئۆپراسیۆنێکی فراوانیان لە دژی داعش لە ناوچەکانی ڕیفی حەسەکە ڕاگەیاند، کە هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەکانی ڕیفی باکوری دێرەزوور.

شارۆچکەى دەشیشە ناوچەیەکى نیمچە بیابانە و شارۆچکەیەکى سنوریی نێوان عێراق و سوریایە و ٦٠ کیلۆمەتر لە حەسەکەوە دوورە و نزیکەى ٣٤ هەزار کەسی تێدا دەژى کە لە بەهارى ٢٠١٤دا پاش کشانەوەى هێزەکانى بەرەى نوسرە، شارۆچکەکە کەوتە دەست داعش و بەو پێیەی کە خاڵى هاتوچۆى نێوان هەردوو وڵاتى عێراق و سوریا بووە پێگەیەکى گرنگی داعش ھاتووەتە ئەژمار.

تیرۆریستە تەکفیرییەکانی داعش لە ساڵی 2011 بە پشتیوانیی عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیا بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە پەلاماری سووریایان داو لە ماوەی  ئەم ساڵانەدا هەتا ئێستا سەدان کەسی سڤیل لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە بە تاوانی سەرپێچی کردن لە فەرمانەکانی داعش کوژراون.

 

سەرپەیڤ