وەزیری دەرەوەی سوریا : هەڵوێستی ترەمپ سەبارەت بە جۆلان دەبێتە هۆی تەریک کەوتنەوەی ئەمریکا
وەزیری دەرەوەی سوریا پێداگری کرد ، بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ بە فەرمی ناسینی دەستەڵاتی ڕژێمی زایونیی بەسەر جۆلانی داگیرکراو تەنیا دەبێتە هۆی تەریک کەوتنەوەی ئەمریکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، وەلید موعەلیم لە وتاردانێک دا کە لە تەلەفزیونی سوریا بڵاو کرایەوە وتی : ئەم بڕیارەی دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هیچ شتێک ناگۆڕێ و هەرچی بەسەر ساڵ و کاتدا تێبپەڕێ ئەم ڕاستییە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە جۆولان سەرزەوینێکی داگیرکراو و سەربە سوریایە.
پەیجی سەرۆکایەتی سوریاش لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکیش لە کاردانەوە بەرامبەر ئەم کارەی ترەمپ بە بڵاو کردنەوەی وێنەی چەکدارێکی سوری ڕاوەستاو لە تەنیشت ئاڵاکەیان دا، رستەیەکی لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەم وڵاتە گێڕاوەتەوە کە لە ساڵی 2009 دا وتبووی : مافی زەوت کراو ڕزگار دەکرێت و هیچکات لە بستێک لە خاکی جۆولان چاوپۆشی ناکەین.
ترامپ ڕۆژی دووشەممە بیست و پێنجەمی مارس دوای پرێس کۆنفرانسی هاوبەشی لەگەڵ سەروک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە واشینگتون، بە مۆر کردنی فەرمانیک ئیدیعای دەستەڵاتی زایۆنیستەکان بەسەر جۆلانی داگیرکراوی بە فەرمی ناسی.
ئەم کارەی ترەمپ بەرەوڕووی نەیارەتیی کاربەدەستانی زۆرێک لە وڵاتان و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بووەوە .
بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو بەشێک لە پارێزگەی قونەیتەرەی سوریایە کە ڕژێمی زایۆنیستی ساڵی 1967 و لە ڕەوتی شەڕی شەش ڕۆژە داگیری کرد و لە ساڵی 1982 وەک بەشێک لە دەسەڵاتی خۆی ڕایگەیاند.
بڕیارنامەی 497ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پەسەند کراوی ساڵی 1981 کە زۆرێک لە ئەندامەکانی لەوانە ئەمریکا دەنگیان پێ داوە، بڕیاری ڕژێمی زایۆنیستی و هەوڵەکانی لەمەڕ جۆلانی بە شێوەیەکی ڕەھا ڕەت کردووەتەوە و بڕیاری نووساندنی جۆلان بە ناوچەداگیرکراوەکانی بە پوچەڵ ڕاگەیاندووە .