دەسپێکرانەوەی هەڵمەتی سەربازیی سوپای سوریا لە ئیدلەب
سەرکردایەتی سوپاو هێزە چەکدارەکانی سوریا لە بەیاننامەیەکدا بەتوندی ڕەخنەی گرت لە پێبەندنەبوونی تورکیا بەڕێککەوتنی سوچی و ئەو کردەی بە پێشێلکردنی بەڵێنیەکانی لێکدایەوەو وتی: لەبەر ئەو مەبەستەیە کە هەڵمەتی سوپا لە ئیدلەب دەس پێ دەکرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، سەرکردایەتی سوپای سوریا ئەمڕۆ دووشەممە لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: سوپای سوریا یەکی ئاگۆست بەمەرج ڕەزامەندیی دەربڕیبوو لەگەڵ ئاگربڕ لەناوچەی "کەمکرانی کێشە" لە ئیدلەب ، بەڵام گرووپە ترۆریستییەکانی جێی داکۆکیی تورکیا، پێبەندبوون بەویان ڕەت کردەوەو چەندین جار پەلاماری کەسانی سیڤیلیان دا لە ناوچە هێمنەکان.
لەو بەیاننامەدا هاتووە؛ درێژەی کردەی تورکیا لەمەڕ ڕێگەدان بە گرووپە ترۆریستییەکانی جێگیر لە ئیدلەب بۆ ئەنجامدانی پەلامار و دەسدرێژکاریەکانیان، دەیسەلمێنێ کە ئانکارا، شێوازی تێکدەرانەو لەبەرچاونەگرتنی وادەو بەڵێنیەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی سوچی سەبارەت بە ناوچەی ئیدلەب درێژە پێ دەدا، هەر ئەوەش بووە بەهۆ هەتا ترۆریستان پێگەکانیان پتەوتر بکەن و ئاستی مەترسیی بڵاوبوونەوەی سەرلەنوێی ترۆریزم لەخاکی سوریا بەرزبێتەوە.
سوپای سوریا لەو بەیاننامەدا جەختی کرد: لەو ڕووەوە کە ڕەزامەندیی دەربڕینی دەمشق لەگەڵ ئاگربڕ لە ئیدلەب، مەرجدار کرابوو بە جێ بەجێ کرانی وادەو بەڵێنیەکانی تورکیا لە ڕێککەوتنی سوچی و ئەوەش وەدی نەهاتووە، سوپاو هێزە چەکدارەکانی سوریا هەڵمەتی جەنگیی خۆیان لەدژ گرووپە ترۆریستییەکان دەس پێ دەکاتەوەو وەڵامی دەسدرێژکارییەکانیان دەداتەوە.
یادداشتی تەبایی سوچی کە سەرۆک کۆمارانی تورکیاو ڕووسیا ١٧ی سیپتەمبەری٢٠١٨ لەسەری ڕێککەوتن، دانانی ناوچەیەکی پاک لە چەک لەنێوان ناوچەکانی جێگیربوونی هێزەکانی سوپای سوریاو گرووپە چەکدارە چالاکەکان لەپارێزگای ئیدلەب لە١٥ی ئۆکتۆبری٢٠١٨ لە خۆدەگرێ.