وتووێژی تەلەفۆنیی پوتین و ئەردوغان لە بارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا
https://kurdish.sahartv.ir/news/syria-i376672-وتووێژی_تەلەفۆنیی_پوتین_و_ئەردوغان_لە_بارەی_گۆڕانکارییەکانی_سووریا
سەرۆک کۆمارانی ڕووسیاو تورکیا لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لە بارەی ڕەوشتی ئیدلەبی سووریا بیروڕایان گۆڕییەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
شوبات 12, 2020 14:58 Asia/Tehran
  • وتووێژی تەلەفۆنیی پوتین و ئەردوغان لە بارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا

سەرۆک کۆمارانی ڕووسیاو تورکیا لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لە بارەی ڕەوشتی ئیدلەبی سووریا بیروڕایان گۆڕییەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی کۆشکی کرملین ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: وتووێژە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەم دوو سەرۆک کۆمارە لە سەر دەستی ئانکارا ئەنجامی گرتووە و ڤلادیمیر پوتینی سەرۆک کۆماری ڕووسیاو ڕەجەب تەیب ئەردۆعانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەو پەیوەندییەدا بە تێروتەسەلی لە بارەی ڕەوشتی ئیدلەبەوە وتووێژیان کرد.

لەو وتووێژە تەلەفۆنییەدا لە سەر گرینگایەتیی ڕاپەڕێندرانی تۆکمەوتەواوی ڕێککەوتنەکانی نێوان ڕووسیاو تورکیا لە ١٧ی مانگی سپتامبەری ٢٠١٨ پێداگری کرا.

ڕەوشتی ناوچەی ئارامی ئیدلەبی سووریا لەماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە لە بەر جوڵەی تیرۆریستان و ھێرشەکانیان لەم ناوچەیەوە بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی سووریا تێکچووە.

بە ھاتنی کەرەستەو تفاقی سەربازی و نایاسایی تورکیا بۆ نێو خاکی سووریاو پێشێلکرانی بەردەوامی ئاگربڕ لە لایەن ئەو تیرۆریستانەی کە لە پارێزگای ئیدلەب دا مۆڵ دراون و بە ھۆی تورکیاوە داکۆکییان لێ دەکرێت، سوپای سووریاش لە چەند ڕۆژ لەمەوبەرەوە پێشڕەوی لەم پارێزگایەی بە مەبەستی ڕزگار کردنی لەژێر ڕکێفی تاقمە تیرۆریستەکان، دەست پێ کردووەو لە ڕاستی دا نیوەی لەژێر ڕکێفی تیرۆریستان ڕزگار کردووە.

سوپای تورکیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو چەندین جار سنووری سووریای بەزاندووە و بەم بۆنەیەشەوە بەرەوڕووی ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێونەتەوەیی و کاردانەوەی جەماوەرو دەوڵەتی سووریا بووەتەوە.

ھەر لەم ئاراستەیەدا وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا ڕۆژی دووشەممە باسی کوژرانی پێنج سەربازی ئەم وڵاتەو بریندار بوونی پێنج کەسی دیکەشی کرد لە ھەڵمەتی تۆپخانەی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچەی «تەفتاز» لە گردوپەڕی ئیدلەب.

«مایک پەمپێئۆ» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە توییتێکی پشگرانەدا ڕایگەیاند: نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریای ڕەوانەی ئانکارا کردووە ھەتا ڕێکخستنێک بکات بۆ کاردانەوە بەرامبەر بەو ھەڵمەتە. ئەم کاربەدەستە ئەمریکییە لە ھەوڵدانێکدا بۆ تێکدانی سەقام و پاوەجێیی لە سووریا وتیشی: واشێنگتۆن دەبێ وەک ئەندامێکی ھاوپەیمانی ناتۆ پشتی تورکیا بگرێت.