ته‌مووز 08, 2020 07:56 Asia/Tehran
  • فەرماندەری ھێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی روسیا لە سوریا کۆ دەبێتەوە

مەزڵوم کۆبانی فەرماندەری ھێزەکانی سووریا دیموکرات(ھەسەدە) ڕایگەیاندووە، لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی روسیا لە سوریا کۆ بووەتەوەو پێکەوە ڕێک کەوتوون.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان ، «مەزڵوم کۆبانێ»  فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌(ھەسەدە) ڕۆژی ڕابردوو پێشوازی لەفەرماندەی هێزەکانی روسیا لە سوریا کرد.

کۆبانێ‌ لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر،  لەتویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە، لەگەڵ «ئەلیکساندەر چایکۆ» فەرماندەی هێزەکانی روسیا لە سوریا کۆبۆتەوە.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە، لەمیانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ «چایکۆ» چەند پرسێکی هاوبەشیان تاوتوێ کردووە، لەوانە پێشێلکارییەکانی تورکیا لەسەر رێککەوتنی ٢٣ ی ئۆکتۆبەر و کوشتنی سێ‌ ژنە چالاکوانی کورد لەکۆبانێ‌.

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌ جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، لەکۆبوونەوەکەدا، رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون و زیادکردنی ئاستی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا کراوە.

«مەزڵوم کۆبانێ‌» سوپاسی هێزەکانی روسیاشی کرد لە بەر بەدەمەوەهاتنیان بۆ کاری هاوبەش لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی گرفت و ئاڵنگارییەکان.