سووریا: ئەمریکا بە دووی تاڵان و بڕۆی سامانی گەلانەوەیە
سەرۆکی پەرلەمانی سووریا ڕۆژی دووشەممە لە دیدار لەگەڵ باڵوێزی کوبا لە دیمەشق وێڕای پێداگرتن لە سەر ھاوکاریی نێوان دوو وڵات لە مەڕ بەرنگار بوونەوەی بایکۆتەکانی یەکلایەنەی ئەمریکا وتیشی: دروشمە درۆینەکانی ئەمریکا لەمەڕ خەباتی دژی تیرۆریزم و بەرز کردنەوەی ئاستی دیموکراسی بۆ تاڵان و بڕۆی سامانی نەتەوەکانە.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس،«حەمودە سەباغ» لە دیدارەکەدا پێی داگرت: بایکۆتەکانی یەک لایەنەی ڕۆژئاوا دژی دوو نەتەوەی سووریاو کوبا بە مەبەستی شکست پێھێنانی خواست و لاوازکردنی ھێزی بڕیاردانی سەربەخۆی دیمەشق و ھاوانا سەپێندراوە کە دیارە ئەو ئامانجەشیان وەدی نایەت.
باڵوێزی کوباش لەم دیدارەدا لە سەر پشتگریی وڵاتەکەی لە سەرکردایەتی، سوپاو گەلی سووریا لە خەباتی دژی تیرۆریزم و بەرنگار بوونەوەی بایکۆتەکانی یەک لایەنەی ئەمریکا پێی داگرت و وتی: ھەنگاوی ئەم دواییەی واشێنگتۆن لە توندکردنەوەی بایکۆتەکانی دژی کوباو سووریا پێویستمەندی بەرزکردنەوەی ئاستی ھاوکاری و ڕێکخستنی نێوان ھەردووک وڵاتە لە ھەمبەر ھەنگاوەکانی ئەمریکاو ڕۆژئاوادا.
باڵوێزی کوبا ھەروەھا لە سەر گرینگایەتیی ھێزمەندکردنی پەیوەندییەکانی کوباو سووریا پێی داگرت و وتی: کەس ناتوانی ھەڵوێستی یەکدەست و ھاوتەریبی سووریاو کوبا لە بەرامبەر کێشە جۆربەجۆرەکان بگۆڕێت.
سووریاو کوبا وەکو دوو وڵاتی سەربەخۆ بەردەوام لە بەرامبەر سیاسەت و ھەنگاوەکانی پاوانخوازانەی واشێنگتۆن وەستاون.