نیسان 07, 2021 14:21 Asia/Tehran
  • دیمەشق: مەھێڵن ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان ببنە گۆپاڵی دەستی ئەمریکا

نوێنەری ھەمیشەیی سووریا لە ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ئاوای لە وڵاتان کرد کە نەھێڵن ڕێکخراوەی قەدەغەی چەکی کیمیایی ببێتە گۆپاڵێک بە دەستی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانیەوە بە مەبەستی گوشارھێنان و پەلاماردانی ئەندامگەلێکی وەک سووریا لەم ڕێکخراوەیەدا.

«بەسام سەباغ» کە شەوی چوارشەممە لە دانیشتنی ئۆنلاینی ئەنجومەنی ئاسایشت قسەی دەکرد، وتیشی: ئەو بەرنووسەی بڕیارنامەی فەرەنساو وڵاتانی ڕۆژئاوا کە ڕادەستی کۆنفرانسی ڕێکخراوەی قەدەغەی چەکی کیمیایی کراوە، جارێکی تر نیازی دوژمنکارانەی ھێندێک لە وڵاتان دژی سووریا پشتڕاست دەکاتەوە.

«سەباغ» جەختی لەوەش کردەوە کە، سووریا پەلەقاژەی بڕێک لە وڵاتان بۆ بڵاو کردنەوەی درۆو بوختان سەبارەت بە پابەند نەبوونی سووریا بە ڕێککەوتنی ڕێکخراوەی قەدەغەی چەکی کیمیایی بە توندی شەرمەزار دەکات.

نوێنەری ھەمیشەیی سووریا لە ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان وتیشی: سووریا بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە ھەر ھەل و مەرجێکدا ئیدانە دەکات و قەت کەڵکی لەم چەکە وەر نەگرتووە.

«سەباغ» ڕوو لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان وتی: دیمەشق خوازیاری سزادرانی ئەمریکایە لە بەر دڕندەکارییەکانی لە شاری «ڕەققە»، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی سووریا بە بیانووی پوچەڵی کەڵک وەرگرتنی دیمەشق لە چەکی کیمیایی لە ناوچەی «خان شەیخون» و ھەروەھا ھێرشی موشەکیی ساڵی ٢٠١٧یە بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی «شەعیرات».

سەرپەیڤ