ئادار 24, 2022 09:09 Asia/Tehran
  • جەختی کاربەدەستێکی سووری لە سەر ڕۆڵی گرینگی ئێران لە پتەوکردنەوەی سەقامی ناوچەکە

«عەلی مەملوک» ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی سەرۆک کۆماری سووریا ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری «ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەر ڕۆڵی گرینگی ئێران لە پتەوکردنەوەی سەقامی ناوچەکەو بەرنگاربوونەوەی تیرۆریزم پێی داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، «عەلی مەملوک» ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی سەرۆک کۆماری سووریا لە دیداری  وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای پێداگرتن  لە سەر ڕۆڵی گرینگی ئێران لە پتەوکردنەوەی سەقامی ناوچەکەو بە تایبەت بەرنگاربوونەوەی تاقمە تیرۆریستەکان ، جێ و شوێنی سەرداری سپەھبۆد « قاسم سولەیمانی» فەرماندەری لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی لەم بوارەدا بە ھەڵکەوتە زانی و ڕێزی لێ گرت.

ھەر لە دیدارەکەدا «ئەمیرعەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وێڕای ئاماژە کردن بە ھەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەڕ خەباتی دژی تیرۆریزم و ڕەوتە توندئاژۆکانی ناوچەکە، لە سەر بەردەوامیی داکۆکیی ئێران لە دەوڵەت و گەلی سووریا پێی داگرت.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پایەبەرز گەییشتە دیمەشق و لەگەڵ «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری، «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سووریا دیدارو وتووێژی کرد. ئەمە سێھەمین سەردانی «ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» بۆ سووریایە.

سەرپەیڤ