تشرینی یه‌که‌م 21, 2022 16:02 Asia/Tehran
  • گەڕانەوەی زیاتر لە ٥ ملیۆن پەنابەری سووری بۆ وڵاتەکەیان

«حسێن مەخلوف»،وەزیری کارگێڕیی نێوخۆ و ژینگەی سووریا،ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند: لە ساڵی 2018ـەوە زیاتر لە 5 ملیۆن پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان، ئەمەش سەرەڕای هەموو لەمپەر قوت کردنەوەیەکی وڵاتانی ڕۆژئاوا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی فارس، «حسێن مەخلوف» ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان سووریاو ڕووسیا بۆ بەدواداچوونی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووریا لە دیمەشق ڕایگەیاند: زیاتر لە پێنج ملیۆن پەناخوازو ئاوارەی سووری گەڕاونەتەوە شار و زێدی خۆیان لە ساڵی ٢٠١٨ بەم لاوە.

وەزیری کارگێڕیی نێوخۆ و ژینگەی سوریا بە دەربڕینی ئەمەی کە، حکومەتی ئەم وڵاتە بەردەوام کار لەسەر باشترکردنی دۆخی ژیان و هاندانی پەنابەران دەکات بۆ گەڕانەوە بەرەو وڵاتەکەیان، وتیشی: وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا دەکەن بۆ ئەوەی کێشەی پەنابەران لە ئاراستەی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان بەکار بێنن.

«حسێن مەخلوف» لە درێژەدا جەختی لەوەش کردەوە کە، هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بەردەوامن، بە تایبەت لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و زیادکردنی وەبەرهێنان بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی سوریەکان.

وەزیری کارگێڕیی نێوخۆو ژینگەی سووریا هەروەها ئاماژەی بە درێژەی بەتاڵان بردنی نەوت و دانەوێڵەی سووریا لە لایەن داگیرکەرانی ئەمەریکاشەوە کرد و وتی: ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو، وێڕای پشتیوانی لە تیرۆریستان، بۆ هیچکام لە یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان ڕێز دانانێن.

سەرپەیڤ