تشرینی دووه‌م 08, 2022 23:34 Asia/Tehran
  • سەباغ: ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە سزا چەپەڵەکانی ئەمریکا دژی نەتەوەی سوریا کۆبوونەوەیەک پێک بھێنێت

«بەسام سەباغ»، نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی سێ شەممە ڕەخنەی لە ھەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە دژی حکومەتی دیمەشق گرت و وتی: ئایا باشتر نییە ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە سزاو بایکۆتەکانی ملھوڕانەی ئەمریکا دژی گەلی سوریا پێک بھێنێت؟

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، سەباغ ئەم قسانەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بانگەشەی بەکارهێنرانی چەکی کیمیایی لە سووریا کرد.

وتیشی: پێداگری لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەردەوامی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە دۆسیەی بەکارهێنرانی چەکی کیمیایی لە سوریا، جێگای سەر سوڕمانە، ئەویش لە کاتێکدا کە ئەم ئەنجومەنە هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام نادات بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەری و دەرئەنجامەکانی ئەو سزا دڕندانانەی و لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا بەسەر وڵاتەکەمدا سەپێنراوە.

سەباغ درێژەی بە قسەکانی داو وتیشی: هەوڵی شێتانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە، کە مەبەستی دووبارەکردنەوەی بانگەشەکانی پێشووی دژی سووریایە، ڕەت دەکرێتەوەو قەت لەگەڵ ئەرکی ئەم ئەنجومەنە کە لە چوارچێوەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دیاری کراوە، یەک ناگرێتەوە.

ناوبراو تۆمەتە درۆینەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوای دژ بە سوریا بە بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی زانی و ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتانە بە تەواوی ڕەتدەکرێنەوە.

نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم تۆمەتانەی بە هاوتەریب لەگەڵ هێرشی دوژمنکارانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئامانجی پێشێلکردنی ئاسایش و سەقامگیریی سوریا و تێکدانی تواناکانی سوریا زانی.

نوێنەری سوریا جەختی لەوەش کردەوە کە،لیژنەی نیشتمانیی ئەم وڵاتە هیچ هەوڵ ودەرفەتێکی بۆ هاوکاری لەگەڵ سکرتاریەتی پسپۆڕی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە مەڕ پێداچوونەوە و پشکنینی هەندێک بابەت بە فێڕۆ نەداوە، کەچی ئەم ڕێکخراوەیە باسی ئەوە دەکات کە ھێشتا هەندێک بابەت مانەوەتەوەو چارەسەر نەکراوە.

سەباغ وتی: هاوکاریی زوڵاڵی سوریا لەگەڵ سکرتاریەتی  ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، دەربڕی پابەندبوونی دیمەشق بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆیەتی.

ناوبراو لە کۆتاییش دا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە سوریا هیچ شتێکی بۆ شاردنەوە نییە.

سەرپەیڤ