چۆڵکرانی سێ شار، مەرجی نوێی تورکیایە بۆ کوردەکانی سوریا
https://kurdish.sahartv.ir/news/syria-i413251-چۆڵکرانی_سێ_شار_مەرجی_نوێی_تورکیایە_بۆ_کوردەکانی_سوریا
تورکیا ڕایگەیاندووە ، لە بەرامبەر ئەنجامنەدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ناوچەکانی باکوری سوریا مەرجی نوێی داناوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی دووه‌م 30, 2022 11:05 Asia/Tehran
  • چۆڵکرانی سێ شار، مەرجی نوێی تورکیایە بۆ کوردەکانی سوریا

تورکیا ڕایگەیاندووە ، لە بەرامبەر ئەنجامنەدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ناوچەکانی باکوری سوریا مەرجی نوێی داناوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئیسنا، ئەنقەرە داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە لە هەرسێ شاری گرنگی «مەنبەج»، «کۆبانێ» و«تەل ڕەفعەت» بکشێنەوە.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، تورکیا کە ڕازییە بە گەڕانەوەی دامودەزگاکانی حکومەتی سووریا بۆ هەرسێ شاری «مەنبەج»،«کۆبانێ»و«تەل ڕەفعەت» دوای کشانوەی کورد لەم ناوچانە، وادەی دیاری کردووە بۆ وەڵامدانەوەی مەرجەکانی و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن، ئەوا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە شارەکانی مەنبەج و کۆبانێ و تەل ڕفعەت ئەنجام دەدات.

هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەنقەرە لە ناوچەکانی باکوری سوریا، سەرچاوە ئاگادارەکان لەو ناوچانە باسی تەواوبوونی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی تورکیا لەم ناوچانەیان کردووەو ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری ئەوە هەیە کە «تەل ڕەفعەت» لە گردوپەڕی باکوری حەلەب و هەروەها شاری «کۆبانێ» لە ڕۆژهەڵاتی فورات ئامانجی داهاتووی تورکیا بێت.

پێشتر سەرچاوە هەواڵدەرییەکان ڕایانگەیاندبوو کە ئەنقەرە داوای کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی کردبوو بۆ دوورایی 30 کیلۆمەتر لە لێواری سنووری لەگەڵ سووریا.

مەرجێکی دیکەی تورکیا دەرکردنی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیایە لە سوریا و ڕادەستکردنی فەرماندەکانی بە ئەنقەرە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەو میدیایانە، تورکەکان داوای تەرخانکردنی بەشێک لە داهاتی نەوتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی «ھەسەدە» بۆ گروپەکانی سەر بە ئەنقەرەیان کردووە.