ئادار 03, 2023 11:27 Asia/Tehran
  • دیمەشق ناچێتە ژێر باری خۆوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی سەربەخۆ

وەزیری دەرەوەی سووریا وتی: دیمەشق بە هیچ لەونێ ناچێتە ژێر باری هەوڵی ژمارێک لە وڵاتان بۆ خۆوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی سەربەخۆ.

"فەیسەڵ میقداد" وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆبوونەوەی مافی مرۆڤدا لە شاری ژێنێڤ، جەختی کرد لە سەر پێویستی پاراستنی دەور و  ئەرکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و پێوەندییەکانی لە چوارچێوی جاڕنامەی دامەزرانی ئەم ئەنجومەنەدا.

وەزیری دەرەوەی سووریا وتی: سووریا دیسان نەیارەتیی خۆی دەردەبرێ بەرامبەر بە بڕیار و کردەوەکانی ژمارێک وڵات کە لە هەوڵدان بڕیارنامە و بڕیارگەلێکی سیاسی داسەپێنن؛ لەبەر ئەوەی کە ئەم بڕیار و بڕیارنامانە دەسوەردانی ئاشکرا لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی سەربەخۆ و بنپێ کردنی ئامانج و یاسا و ڕێساکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ  و کەڵک وەرگرتنی نالەبار لە ناو و نازناوەکانی مافی مرۆڤ دێتە ئەژمار.

فیسەڵ میقداد وتیشی: سووریا هیوادارە کە بەردەوام بێ لە سەر هەوڵە چەن لایەنەکانی لە بواری مافی مرۆڤ بە پێی یاسا وڕێساگەلێک لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها سوور و پێداگرە لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان.

فەیسەڵ میقداد هەروەها پێی داگرت گەمارۆی نایاسایی داسەپێندراو بە سەر سووریا کێشە و گرفتی زۆری مرۆیی لێکەوتۆتەوە و هەروەها پێش  دەگرێ لەوەی خەڵکی سووریا ببنە خاوەنی مافی ڕەوا و مرۆیی خۆیان.

هەروەها بایکۆتەکان پێشی گرت بە دابین کرانی داخوازەکان و پێداویستیی مرۆیی و چالاکیی  ئورژانسی و فریاگوزاری و ئەم مەسەلەیش پیشاندەری ئەوەیە کە ئەم کردەوانە تەنیا ئامرازێکن بۆ سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی سووریا و مەترسییەکەی کەمتر لە مەترسیی بوومەلەرزە نییە. ئێمە داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین کە دواهاتەکانی بایکۆتەکان بۆ ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بخەنە بەر باس و لێکۆڵینەوە، هەڵبەت ئەگەر ئەم ئەنجومەنە ڕێگای پێ بدرێ بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵگرێ.