نیسان 28, 2023 13:51 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی ئێران و سوریا بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و ژێرخانیەکانیان

وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران ڕێککەوتنی نێوان ئێران و سوریای لە بواری فراوانکردنی ئاڵوگۆڕە داراییەکان و زیادکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان ڕاگەیاند.

«میهرداد بەزرپاش» وەزیری ڕێگاوبان و شارەسازیی ئێران لە دیمەشق، لە دیدار و دانوستانێکدا لەگەڵ «حسێن عەرنوس» سەرۆکوەزیرانی سووریا ڕایگەیاند، مامەڵەی ڕاستەوخۆی بانکی و دارایی بنەمای خۆشگوزەرانی چالاکییە ئابوورییەکانی نێوان ھەردووک لایەو لە داهاتووش دا دەکرێ بە دامەزراندنی بانکی هاوبەش ئاسانکاریی زیاتر لەم بوارەدا بەدی بھێندرێت.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئابووریی ئێران و سوریا بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی لەگەڵ کەرتی تایبەت و بازرگانانی ئێرانی و سوریا کە بۆ یەکەمجار لەم ئاستەدا بە بەشداریی بەرفراوانی چالاکانی ئابووری بەڕێوەچوو، ڕوونیشی کردەوە:  کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی ئێستای دوو وڵات دەتوانێت کاریگەر بێت لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان کە دیارە ئەمش لە ئەنجام دا دەبێتە هۆی برەوپەیداکردن و گەشەسەندنی هەردووک وڵات.

لەم دیدارەدا وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران هەروەها جەختی لە ئەگەری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەکنیکی لە بواری فڕۆکەوانی بەتایبەت ڕاگرتن و چاککردنەوەی فڕۆکە لە لایەن ئێرانەوە کردەوە.

لەم دیدارەدا «حسێن عەرنوس» سەرۆک وەزیرانی سوریا وێڕای بەرز نرخاندنی پاڵپشتیی حکومەت و گەلی ئێران بەدرێژایی ساڵانی جۆربەجۆر، بەتایبەت ئەو ساڵە سەختانەی کە بەسەر سوریادا تێپەڕیوە، ئامادەیی سوریای بۆ ڕادەستکردنی پڕۆژە لە بوارە جیاجیاکان بە کۆمپانیا ئێرانییەکان و دامەزراندنی هێڵێکی دارایی ڕاگەیاند.

سەرۆک وەزیرانی سوریا وتیشی: حکومەتی سوریا گرنگییەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی لێکگەییننامەکان دەدات و پشتگیری لە دروستکردنی ڕێگایەکی گونجاوتر دەکەین بۆ ئاڵوگۆڕی بانکی لە نێوان هەردوو وڵاتدا .

سەرپەیڤ