باڵیۆزی ئێران: گەشتەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سوریا دەستکەوتی زۆری لێکەوتەوە
باڵوێزی ئێران لە سووریا وتی: گەشتەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ وڵاتی دۆست و برای سووریا گەشتێکی سەرکەوتوو بوو کە دەستکەوتی بەرچاوی هەبوون.
«سەید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، لە وەڵامی بانگهێشتی فەرمیی «بەشار ئەسەد» ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە (٤ و ٥ی مای) بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پلە باڵا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لە میانەی دا ڕێگاکانی فراوانکردن و پتەوکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو جیھانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریا لێک دایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسێن ئەکبەری» باڵوێزی ئێران لە سووریا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: سەردانی «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ سووریا، بەرژەوەندییەکانی ھەردووک نەتەوەکە لە بەرفراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات لە بواری جۆربەجۆر دابین دەکات.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ستراتژیکیی لەگەڵ سووریا هەیە و پشتیوانیی تاران لە حکومەتی شەرعیی ئەم وڵاتە لە کاتی قەیرانی سووریاو یارمەتیدانی حکومەتی ئەسەد لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستییە جیاجیاکاندا ڕوونترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە.
لەدوای شکست ھێنانی داعش، لەئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان سوریاو ئێران فراوانتر و هەمەچەشن بوونەو ئاسۆی ڕوون بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکاندا بەرچاو دەکەوێت.