پەلاماری سوپای زایۆنی بۆسەر باشوری سوریا
سەرچاوە هەواڵییەکان رایانگەیاند، جم و جۆڵی چەکدارانی سوپای زایۆنی لەباشوری سوریا هەروا بەردەوامە.
سوپای رژیمی زایۆنی، پێگەو بنکەکانی لە بەرزاییە ستراتژییەکان لە شارۆچکەی "کودنا" لە گردووپەڕی باشوریی قونەیتەرە بەهێز کردووە بە چەشنێک کە بڕی دوو کیلۆمەتر دزەیان کردۆتەنێو رۆژهەڵاتی شاری "ئەسەلام" لە قونەیتەرە و دەستیان داوەتە گەشت لێدان لەبەردەم بینای ئیدارەی ئاسایشی سوریا لەو ناوچەیە. یەکێ لە کەسایەتییە ناودارەکانی پارێزگای قونەیتەرە پێی داگرت، پاش کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد، کۆنترۆڵی سەتی ٩٥ ی ئەو پارێزگایە کەوتووەتە دەست رژیمی زایۆنی.
ئەوە لەکاتێکدایە کە "قوسەی زوحاک" نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وێڕای شەرمەزار کردنی پێشێلکرانی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریاو هاتنی لەشکریی رژیمی زایۆنی بۆ ئەو وڵاتە، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد بۆ وەستاندنی دەسدرێژکارییەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر سوریاو خەڵکەکەی، هەنگاوی خێرا بنێت. زوحاک بەڕەت کردنەوەی پەڵپ وبیانووەکانی رژیمی زایۆنی بۆ بەزاندنی سەروەریی و دەسدرێژیی بۆسەر خاکی سوریا، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، ئەو رژیمە ناچار بکا لەخاکی سوریا بکێشێتەوەو بچێتەدەر. سەرچاوە هەواڵییەکانیش ڕایانگەیاند، شەڕ و پێکدادان لەنێوان دەس وپێوەندییەکانی جۆلانی و هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی ئەبووحەمام و غەرانیج هەڵکەوتوو لە رۆژهەڵاتی دێرەزوو ڕوویان داوەو پاشان دەس و پێوەندییەکانی جۆلانی بەرەو ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەشکرکێشیان کردووە. ئەوان بەپاڵپشتیی چەکەمەنی و کەرەستە سەربازییەکانیان لە ناوچە رۆژهەڵاتییەکانی حەڵەب و میحوەرەکانی بەنداوی تشرین و دێرەزوور جێگیرکراون.