May 15, 2017 11:48 Asia/Tehran
  • کۆبوونه‌وه‌ی پاڵپشتانی ئه‌هلی سوننه‌ی ستادی ڕۆحانی له‌ تاران به‌ڕێوه‌چوو

یه‌که‌مین کۆڕبه‌ندی پاڵپشتانی ئه‌هلی سوننه‌ی سیتادی دوکتۆر ڕۆحانی پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 24ی مانگی گوڵان له‌ تاران به‌ڕێوه‌چوو.

به‌پێی  ڕاپۆرتی کوردپرێس، یه‌که‌م کۆڕبه‌ندی پاڵپشتانی ئه‌هلی سوننه‌ی سیتادی ڕۆحانی به‌ به‌شداریی هه‌ندێ له‌ لایه‌نگرانی ڕۆحانی له‌ ئه‌هلی سوننه‌ له‌ هۆڵی حیجابی تاران به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و کۆڕبه‌نده‌دا چه‌ند که‌سایه‌تیی به‌رجه‌سته‌ی ڕیفۆرمخوازیش هاوکات له‌گه‌ڵ دوکتۆر جه‌هانگیری ئاماده‌ بووبوون.

موحسن هاشمی، مورته‌زا ئه‌لویری، ئه‌کبه‌ر تورکان و ئه‌حمه‌د مه‌سجد جامێعی له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا له‌ ته‌نیشت ئێسحاق جه‌هانگیری به‌شدارییان کرد.

هه‌روه‌ها عه‌بدولکه‌ریم حسێن‌زاده‌ سه‌رۆکی سیتادی  نەتەوەکان، کۆمه‌ڵێک له‌ نوێنه‌رانی ئه‌هلی سوننه‌ی مه‌جلیسی ده‌یه‌م و تاقمێک له‌ نوێنه‌رانی ئه‌هلی سوننه‌ی خوله‌ پێشووه‌کانی مه‌جلیس و کۆمه‌ڵێک له‌ چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نیی ئه‌هلی سوننه‌ له‌ کۆڕبه‌نده‌که‌دا ئاماده‌ بوون.

ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ستراتێژیکی ئه‌هلی سوننه‌ و ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌تی "داوه‌ت و چاکسازی"ش هاوکات له‌گه‌ڵ زانایانی ئه‌هلی سوننه‌ و چه‌ند که‌سایه‌تیی به‌رچاو وه‌کوو مه‌وله‌وی مورادزهی (نوێنه‌ری مه‌وله‌وی عه‌بدولحه‌مید) و عه‌بدولڕه‌حمان پیرانی سکرتێری گشتیی جه‌ماعه‌تی داوه‌ت و چاکسازی له‌و کۆڕبه‌نده‌دا ئاماده‌ بوون.

له‌و کۆڕبه‌نده‌دا هه‌روه‌هاش به‌یاننامه‌ی جه‌ماعه‌تی داوه‌ت و چاکسازی و ئه‌نجومه‌نی ستراتێژیکی ئه‌هلی سوننه‌ بۆ پاڵپشتی له‌ ڕۆحانی خوێندرایه‌وه‌.

ئێسحاق جه‌هانگیری پاڵێوراوی 12هه‌مین خولی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار له‌و کۆڕبه‌نده‌دا گوتی: له‌ ڕێگای به‌رجامه‌وه‌ ته‌عامولی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی بیانیدا هه‌موار کرایه‌وه‌.

ناوبراو له‌ درێژه‌دا زیادی کرد: پێویسته‌ زمانه‌ جۆربه‌جۆره‌کان له‌ ناوچه‌ جۆربه‌جۆره‌کاندا بوترێنه‌وه‌. ئیتنیکه‌ ئێرانییه‌کان شانازیی ئێران و ناوچه‌ی ئه‌منی ئێرانن. هیچ ئیتنیکێکی ئێرانیش له‌ سه‌رووی ئیتنیکێکی دیکه‌وه‌ نییه‌.

جه‌هانگیری ئاشکراشی کرد: قۆفڵی دیپلۆماسیمان به‌ ڕووی ئه‌هلی سوننه‌دا کرده‌وه‌ و له‌ ده‌وڵه‌تی ڕۆحانیدا بۆ یه‌که‌م جار باڵوێزی ئه‌هلی سوننه‌مان هه‌ڵبژارد و فه‌رماندار و جێگری پارێزگارمان له‌ نێوان ژنان و ئه‌هلی سوننه‌دا هه‌ڵبژارد.

هه‌روه‌ها عه‌بدولکه‌ریم حسێن‌زاده‌ سه‌رۆکی سیتادی ئیتنیک و ئایینه‌کان ڕایگه‌یاند: لێدوانی یه‌کێک له‌ پاڵێوراوه‌کان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی خودا زمانی کوردیی ئازاد کرد مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بووه‌ خودا ئه‌و نێعمه‌ته‌ی دابوو به‌ڵام هه‌ندێک لایه‌ن بۆ 8 ساڵ ئه‌و زمانه‌یان قه‌ده‌غه‌ کردبوو.

له‌ درێژه‌دا مه‌وله‌وی مورادزهی نوێنه‌ری مه‌وله‌وی عه‌بدولحه‌میدیش که‌ له‌ گه‌وره‌پیاوانی ئه‌هلی سوننه‌ی زاهدانه‌ له‌ کۆڕبه‌نده‌که‌دا گوتی: هه‌روه‌ها که‌ له‌ خولی پێشوودا پاڵپشتیی دوکتۆر ڕۆحانیمان کرد له‌م خوله‌شدا به‌ گوێره‌ی ڕاسپارده‌ی مه‌وله‌وی عه‌بدولحه‌مید و گه‌وره‌پیاوانی دیکەی  ئه‌هلی سوننه‌ پشتیوانی له‌ دوکتۆر ڕۆحانی ده‌که‌ین به‌ڵکوو هیوادارین ئه‌منییه‌ت و ئاسایش له‌ وڵاته‌که‌ماندا ببینینه‌وه‌.

ناوبراو وتیشی : ئه‌هلی سوننه‌ له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کانی وڵاتدا به‌شدار بوونه‌ و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا به‌ گوێره‌ی ئه‌رکی شه‌رعی و نیشتمانیی خۆیان به‌شداری ده‌که‌ن.

سەرپەیڤ